بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بومەلەرزە بەهێزەکەی ساڵی 2003 ئەم قەڵا کۆن و گەورە و مێژووییە زیانی زۆری بەرکەوت بەڵام لەو کاتەدا بە هۆی گرنگییەکەیەوە بە خێرایی کەوتە ڕیزی ئاسەوارە جیهانییەکان کە مەترسییان لە سەرە و ڕێکخراوی جیهانی یۆنسکۆ و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە ئامادەیی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی ئەم ئاسەوارە ڕاگەیاند. ئەم قەڵا گەورەیە کە لە سەر ڕێگای ئاورێشمە، لە سەدەی 5 ی پێش زائین درووست کراوە و تا ساڵی 1850 بەردەوام کەڵکی لێ گیراوە.
تەواوی بیناکە قەڵایەکی گەورەیە کە لە نێو دڵی ئەم بینایە قەڵایەکی دیکەیە و بەرزترین شوێنی بیناکە هەژمار دەکرێت و بە هۆی ئەوەشەوە بیناکە بە گشتی وەک قەڵای بەم دەناسرێت.
ڕوبەری ئەم بینایە نزیکەی 180 هەزار مەتری چوارگۆشەیە کە بە چەند دیوارێک بە بەرزی 6 تا 7 مەتر و درێژایی 1815 مەتر دەوری گیراوە. قەڵاکە بە ناوی ئەرگی بەم دەناسرێت و لە دوو بەشی جیا جیا پێکهاتووە کە هەر یەک تایبەتمەندی خۆیان هەیە. نزیکەی 67 تاوەریش لە نێو شارە کۆنەکەی بەم دەبینرێت.
ئەم بینا گەورە و بەشکۆیە لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کراوە. ئەم بینایە لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە لەو کاتەدا گرنگی و بایەخی ستراتیژی زۆری هەبووە.
دوو بەشەکەی قەڵای بەم بریتین لە:
1 – بەشی حکومی کە لە ناوەوەی قەڵاکەیە و چەندین بەشی سەربازی، بینایەک بە ناوی عیمارەتی چوار وەرز، سەربازخانە، بیری ئاوی 40 مەتری و شوێنی مانەوەی 200 ئەسپ لە خۆ دەگرێت.
2 – بەشی مانەوەی خەڵکی ئاسایی کە لە چواردەوری بەشی حکومییە و دەروازەی شارەکە و بازاڕێک لە خۆ دەگرێت، نزیکەی 400 خانووە و چەندین بینای گشتی وەک قوتابخانە و شوێنی وەرزشکردنیشی تێدایە.
لە نێو خانووەکانیش سێ جۆر دەبینرێت، بۆ نموونە، ئەو خانووانەی کە بچووکترن و دوو یان سێ ژووریان هەیە و بە زۆرینە بۆ خێزانە هەژارەکان بووە و هەروەها خانووە ڕازاوەکان بە ژمارەیەک ژووری زیاتر و حەوشەی گەورە، بۆ نموونە، دەتوانین ئاماژە بە خانووی سیستانییەکان و جولەکەکان بدەین.
سەرجەم خانوو و بیناکانیش لە خشت درووست کراون و قەڵای بەم بە گەورەترین بینای خشتی جیهانیش هەژمار دەکرێت.
لە ڕووی پاراستنی ئاسایشەوە کاتێک دەروازەی قەڵاکە دادەخرا، هیچ ئاژەڵ یان مرۆڤێک توانای چوونە ناوەوەی نەبووە. دانیشتووانی ئەو شارە کە بە قەڵای بەم ناسراوە دەیانتوانی بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن و گەمارۆکانیش هیچ کاریگەریی لە سەر ئەوان نەبووە، ئەوان دەیانتوانی لە شارەکەدا بمێننەوە و سەربازەکانیش بەرگرییان لێی دەکرد لە بەر ئەوەی کە ئەم شارە یان قەڵاکە بە دیواری بەرز و تاوەرە گەورەکان چوار دەور گیرابوو.
بوومەلەرزەکەی ساڵی 2003 ی بەم بەشێکی زۆری ئەم بینا مێژووییەی ڕووخاند و وەک میراتێکی گەورەی کەلتوری جیهان بووە جێی بایەخ و گرنگی و بۆ ئەمەش ژمارەیەک لە وڵاتان لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەیدا بەشدارییان کرد. ژاپۆن، ئیتالیا و فەرەنسا لەو وڵاتانە بوون کە هەر لە سەرەتاوە هاوکارییان کرد. ژاپۆن یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆلاری بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کرد و وەزارەتی کەلەپور و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی ئیتالیاش بڕی 500 هەزار یۆرۆی تەرخان کرد. پرۆژەی نۆژەنکردنەوەکەش لە لایەن گرووپێک لە ئەندازیارانی ئێرانی و ئیتالیایی بەڕێوە برا و لە ساڵی 2011 بە کۆتایی گەیشت. فەرەنسا بە دابینکردنی نەخشەی قەڵای بەم هاوکاری ئێرانی کرد. بانکی جیهانیش لە ڕووی داراییەوە یارمەتیدەری پرۆژەکە بوو. پاش نۆژەنکردنەوەش ڕێکخراوی یۆنسکۆ قەڵای بەمی لە ڕیزی ئەو ئاسەوارانە دەرهێنا کە مەترسییان لە سەرە.
بەم کەوتووەتە 193 کیلۆمەتری باشوری ڕۆژئاوای کرمان و لە دەشتی کەویردایە. 1050 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. لە چواردەوری ئەم قەڵایەش خەندەق لێدراوە تا لە بەرامبەر هێرشی دوژمنان پارێزراو بێت.
ئەم قەڵایە بە ناوی بەهمەن کوڕی گەشتاسپ دەناسن، تا دوو سەدە پێش ئێستا ژیانی خەڵکی تێدا هەبووە. بە درێژایی مێژوو ئەم قەڵایە کەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری دوژمنان و زیانی پێگەیشتووە و پاشان نۆژەن کراوەتەوە.
پسپۆڕان و مێژووناسان ڕایانگەیاندووە کە لە ڕووی ئەندازیاری و بیناسازی مێژووییەوە ئەم قەڵایە گرنگی و پێگەی جیهانیی هەیە./.