بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نرخی سووتەمەنی و پێداویستییە خۆراکییەکان لە ئەفغانستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و عەنایەتوڵڵا و تۆڕە داراییە ژێرزەوینییەکەیی کە دابینکردنی دارایی تاڵیبانی لە ئەستۆ بووە، ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی دژوار کردووەتەوە.
تاڵیبان پێشتر لە ڕێگای حەواڵەوە پێویستی خۆیی بە پارە دابین دەکرد. ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە ئەفغانییەکان هەر لەم ڕێگایەوە و لە لایەن خزمانی خۆیان لە ئیستەنبووڵ و لەندەن و دەوحەوە پارەیان پێدەگەیشت. بەڵام ئێستا بە نەمانی ئاڵوگۆڕی پارە لە ڕێگای حەواڵەوە ژیانی ئابوری ئەفغانستان ڕوبەڕوی مەترسی و تەنانەت لەناوچوون بووەتەوە.
ئەم ڕووداوە لە ئێستادا بووەتە ڕاستی و ئەگەرێکی جیدی لە ئەفغانستان. هاوکارییە دەرەکییەکان ڕاگیراون، نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان بە شێوازێکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و بەهای دراوی نیشتمانی ئەم وڵاتەش ڕووی لە دابەزین کردووە.
9 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار لە داراییەکانی ئەفغانستان دەستی بە سەردا گیراوە. عەنایەتوڵڵا دەڵێت کە چیدی حەواڵە ناتوانێت چارەسەر بێت و خەڵک پێویستیان بە پارە هەیە.
ناوبراو هەروەها باجی لە سەر حەواڵە 8 هێندە بەرز کردووەتەوە و گەیاندوویەتی بە لە سەدا 4 و زیادی کردووە. لە ئێستادا ئابوریی ئەفغانستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە پارە هەیە و ئەمەش وایکردووە کە تاڵیبان واز لە هەندێک چالاکی بێنێت و خەرجییەکانیش کەم بکاتەوە.
عەنایەتوڵڵا دەڵێت کە خواست لە سەر پارە بەرز بووەتەوە و دەستی تاڵیبانیش بە سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی ناگات و هاوکارییە داراییە نێودەوڵەتییەکانیش لە ڕێگای سندۆقی نێودەوڵەتی دراو، بانکی جیهانی و ئەمریکاوە پچڕاوە.
تا پێش بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان نیوەی ئابوریی ئەفغانستان بەسراوەی هاوکارییە دەرەکییەکان بوو، بە بێ ئەو پارەیە بە ملیۆنان دانیشتووی ئەفغانستان کە لە ڕێگای ئەو هاوکارییانەوە ژیانیان بە سەر دەبرد، تووشی کێشە دەبن. وشکەساڵیش وایکردووە کە کێشەکانی ئەفغانستان ڕوو لە زیاتربوون بکات.
شامیحرابی یەکێک لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی ئەفغانستانە و دەڵێت کە ئێمە تووشی ئاڵۆزین، شەڕمان هەیە و ئەمەش کارەساتێکی دیکەیە.
ناوبراو وتی: ئێمە ڕوبەڕوی قەیرانێکی دارایی بووینەتەوە و ئەمەش وا دەکات کە خێزانە ئەفغانییەکان زیاتر هەژار بن.
کارەبا گەیشتووەتە زۆربەی ناوچەکانی ئەفغانستان و خەڵک دەستیان بە ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک گەیشتووە، بەشیک لەم پێشکەوتنەش پەیوەندیی بە هاوکاری دارایی دەرەکییەوە هەبووە و لەو کاتەوە تا ئێستا بە ملیاران دۆلار لە ژێرخانەکانی ئەفغانستاندا بەکار هاتووە.
تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە وەبەرهێنانی هیرۆئین ڕادەگرێت، بەڵام بۆ حەواڵە تاڵیبان پێویستی بە پارەی کاش هەیە. لە ساڵی 2019 ئەفغانستان 870 ملیۆن دۆلار هەناردەی هەبووە کە زۆربەی فەرش و بەرهەمەکانی کشتووکاڵی بووە، ئەستەمە ئەم وڵاتە بتوانێت لە پاش ڕاگرتنی وەبەرهێنانی هیرۆئین جێگرەوەیەک بۆ داهاتی فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان بدۆزێتەوە.
ڕەنگە بە دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران، تاڵیبان ساڵانە 100 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبێت بەڵام ئەم داهاتە تەنانەت ئەگەر چەند هێندەش زیاد بکرێت تەنیا دەتوانێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی دەیەی 1990 دابین بکات نەک ئێستا وڵاتی ئەفغانستان./.