بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانی، وتی: هەڵسەنگاندنی دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی عێراق پیشان دەدات کە لە ساڵی 2020 ڕێژەی هەژاری لەم وڵاتە بە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت بەرزتر بووەتەوە بەڵام ناکرێت ژیانی ملیۆنان کەس بە گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوتەوە گرێ بدرێت.
ناوبراو وتی: بۆ ئەمەش پێویستمان بە داڕشتنی سیاسەت و پلانێکە کە سەرمایە و هێزی کار بەرەو پیشەسازی و وەبەرهێنان ببەین و کەرتی تایبەتیش بهێنینە گۆڕەپانەکەوە، ئەمەش لە گرنگترینی ئەو ئامانجانەیە کە لە پلانی چاکسازییە ئابورییەکانی عێراق ناسراو بە لاپەڕەی سپی کاری لە سەر دەکرێت.
عەلاوی جەختیکردەوە کە پلانی چاکسازی ئابوری لە عێراق هەوڵی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە کەرتی ئابوری و زیاترکردنی کاریگەرییەکانی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەسراوەی کەرتی ئابوری بە داهاتی نەوت دەدات.
وەزیری دارایی عێراق وتی: ئاماری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وزە پیشان دەدات کە هەر یەک ملیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری بۆ کەڵک وەرگرتنی زیاتر لە وزە 30 دەرفەتی کار دابین دەکات و ئەمەش بابەتێکی گرنگە بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە بە پێی زیاتربوونی ڕێژەی دانیشتووانەکەی بتوانێت هەلی کاریش دابین بکات.
ناوبراو وتی: لە عێراق لە هەندێک ناوچە بە ڕێژەی لە سەدا 60 دەتوانین کەڵک لە وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبا وەربگرین و ئەمەش لە هەندێک وڵاتی وەک ئەڵمانیا زیاترە بەڵام ئەو وڵاتە سەرکەوتووانە لەم دەرفەرتە کەڵکی وەرگرتووە.
وتیشی کە لە ماوەی 7 ساڵی ڕابردوو 120 ملیار دۆلار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە عێراق بەکار هاتووە بەڵام کێشەکەش وەک خۆی ماوەتەوە.
وەزارەتی کارەبای عێراق گرێبەستێکی لە گەڵ کۆمپانیای چینی Power China بۆ درووستکردنی وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبا لە وزەی خۆی واژۆ کردووە تا بتوانێت لە چەندین قۆناغدا 2000 مێگاوات کارەبا لەم وڵاتە بەرهەم بێنێت./.