بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەهمەن ساڵحی جاوید سەبارەت بە ئامادەیی ئێران بۆ بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ وتی: بازاڕی موسڵ بە بازاڕێکی باش و گرنگ بۆ ئێران دادەنرێت، پاش شکستی داعش تا ڕادەیەکیش ئاسایش و سەقامگیری بەم پارێزگایەوە دەبینرێت. ئاوەدانکردنەوەی موسڵ بەستێنێکی زۆر باشە بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان کە دەیانەوێت لەو ناوچەیە چالاکی بکەن بەڵام ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و دابینکردنی ئامادەکارییەکان لە لایەن عێراقەوە هەیە.
ناوبراو وتی: بەدەر لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ کە پێشبینی دەکرێت تێیدا زیاتر لە 5 ملیار دۆلار پرۆژە جێبەجێ بکرێت و بە پێی ئەوەی کە ناوچەکە بەرەو گەشەسەندن دەڕوات، حکومەتی عێراق دەتوانێت پلانی تایبەتی بۆ ڕاکێشانی خزمەتگوزاری لای بەڵێندەران و کۆمپانیا ئێرانییەکان هەبێت.
ساڵحی جاوید لە درێژەدا وتی: بۆ عێراقییەکان کۆمپانیا ئێرانییەکان باشترین بەڵێندەرانن، لە بەر ئەوەی کە لە ڕووی کەلتوری، جوگرافی، نرخی گونجاو و ئاسایشی زیاتر و ….. بەڵێندەرانی ئێرانی بۆ ئەوان دەتوانێت سوود و کاریگەری زیاتری هەبێت. هەر بۆیە بازاڕی موسڵ دەتوانێت بە باشتربوونی دۆخی ئەمنی بۆ ماوەیەکی زۆر بازاڕێکی گونجاو بۆ هەناردەی خزمەتگوزارییەکانی تەکنیکی و ئەندازیاری ئێران بێت.
سکرتێری ئەنجومەنی هەناردەکارانی خزمەتگوزارییەکانی تەکنیکی و ئەندازیاریی ئێران وتی: کێشەی ئێمە لە عێراقدا بۆ تێڕوانین و سیاسەتەکانی حکومەتی ئەم وڵاتە دەگەڕێتەوە. هیوادارین حکومەتی نوێی ئێران بتوانێت هەماهەنگی زۆر باش لە نێوان سیاسەت، بەڕێوەبردن، کاروباری ئەمنی و ئابوری لە گەڵ کەرتی تایبەت دابنێت. لە وەها دۆخێکدا کۆمپانیاکان دەتوانن هەست بە ئاسایشی زیاتر بکەن و کەڵک لەو پاڵپشتی و هەماهەنگییە وەربگرن. ئەو پاڵپشتییەش دەتوانێت لە ڕووی پەیوەندییەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان و … کاریگەری هەبێت. سیاسەتەکانیش دەتوانێت لە ڕووی ستراتیژییەوە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان کاریگەری هەبێت.
ساڵحی وتی: خاوەن کارەکان لەو پرۆژانەدا زیاتر حکومەتی عێراقە، هەندێک جار حکومەتی عێراق وەک وڵاتانی دیکە لە پێدانی پرۆژەکان مامەڵەی لە گەڵ ئێران نەکردووە کە زیانەکەشی زیاتر بەر کەرتی تایبەتی ئێران کەوتووە. وەک ئەوەی کە بەشێکی زۆری پارەی بەڵێندەرانی ئێرانی لە عێراق ماوەتەوە و بە ئاسانی ڕادەستی ئەوان ناکرێت. بەرپرسانی حکومەتی ئێرانیش هەندێک کات لە بەرامبەر داواکاری بەڵێندەران و نێوەندگێڕی لای بەرپرسانی حکومەتی عێراق نەرمی یان کەمتەرخەمی دەنوێنن. موسڵیش لەم دۆخە بەدەر نابێت.
ناوبراو وتی: وەک ئاماژە درا، زۆربەی خاوەن کارەکان لە پرۆژەکانی تەکنیکی و ئەندازیاری لە عێراق حکومەتی بەغدایە، ئەمەش زیاتر لەوەی کە هەڕەشە بێت وەک دەرفەتێک دادەنرێت، بە هۆی ئەو پاڵپشتییەوە کە هەیە ئەوان ناتوانن پارەی بەڵێندەرانی ئەمریکی و کۆری نەدەن بەڵام پارەی بەڵێندەرانی ئێرانی نادەنەوە.
بەهمەن ساڵحی جاوید وتی کە بەڵێندەران چاوەڕوانی وەرگرتنی پارەی خۆیان دەمێننەوە بەڵام هەندێک کات هۆکاری ڕاگرتنەکەشی نازانن. بە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەت و کەرتی تایبەت، هەر دوو لا دەتوانن بە ڕێکەوتنێک ئەم تێچووە قەرەبوو بکەنەوە./.