بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا دۆخی ئەفغانستانی لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەو وڵاتە بە کارەسات ناو برد و وتی کە دیمۆکراسی بە زۆر ناسەپێندرێت.
ناوبراو وتی کە ئەگەر خەڵک پێویستیان بە دیمۆکراسی بێت، بە شێوازی ئاسایی بەوان دەگات.
پوتین وتی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەت پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسی دابینکردنی ئاسایش و ئاشتی لە جیهاندا بن.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتی کە نامانەوێت ئەفغانستان دابەش بکرێت لە بەر ئەوەی کە لەو حاڵەتدا هیچ لایەنێک نییە وتووێژی لە گەڵ بکەین.
وتیشی کە ژمارەیەک لەو گرووپە تیرۆریستییانەی ئێستای ئەفغانستان بە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمانەکانی ڕووسیا دادەنرێن./.