بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەحمود عەباس کە سەردانی میسری کردووە، لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە قاهیرە، بۆچوونەکانی خۆیی بۆ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی ئەو وڵاتە خستەڕوو.
ناوبراو وتی کە هەڵوێستی حکومەتی ئێستای ئەمریکا لە بەرامبەر دۆسیەی فەڵەستین باشە و ڕەزامەندیی لە سەر چارەسەری کێشەکە لە سەر بنەمای دوو حکومەتی سەربەخۆ و ڕێگری لە درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان دەربڕیوە، هەروەها دژی بڕیارە تاکلایەنەکانە و بڕیاری کردنەوەی دووبارەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکاشی لە قودسی ڕۆژهەڵات دەرکردووە کە لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ داخرابوو.
سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین سەبارەت بە کۆبوونەوەکەشی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: داوام لە تەل ئەبیب کردووە کە بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بە فەرمی بناسێت، ڕێکەوتنە واژۆکراوەکان بە تایبەت ڕێکەوتنی ئۆسلۆ جێبەجێ بکات، هەروەها دەبێت درووستکردنی شارۆچکەکان و تاوان لە دژی فەڵەستینییەکان ڕابگیرێت.
ناوبراو سەبارەت بە ئاشتەوایی ناوخۆیی فەڵەستینیش وتی: سەبارەت بەم پرسە لە پایتەختە عەرەبی و ناعەرەبییەکان وتووێژی زۆر کراوە بەڵام دەبێت بزوتنەوەی حەماس دان بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا بنێت و ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات دەتوانین لە زووترین کاتدا حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی پێک بێنین.
مەحمود عەباس سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانیش وتی کە بە بێ قودس هەڵبژاردن ناکرێت و هەڵبژاردنەکان وەک ڕابردوو دەبێت تەنیا لە ڕێگای سندۆقەکانی دەنگدانەوە بێت./.