بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەسروڵڵا ڕەشنودی سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانەکانی شاری موسڵ ڕاگەیاند.
ناوبراو لە سەردانێکدا بۆ موسڵ لە گەڵ نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا کۆبووە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: موسڵ بە هۆی تیرۆریزمەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە و سەرەڕای هەوڵ و کارەکانی ئیدارەی خۆجێی، ڕێژەی زیانەکان زۆرە و زیاترە لە توانای ئیدارەی خۆجێی.
ڕەشنودی وتی کە ئێران ئامادەیە لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی موسڵ بەشداری بکات و ئەزموون و توانایەکی زۆریشی لەم بوارەدا هەیە.
سەرکۆنسووڵی ئێران وتی: ئێرانییەکان ویستی هاوکاریکردنی پارێزگای نەینەوایان لە بوارەکانی زانستی، ئابوری و تەنانەت ڕۆشنبیری هەیە و بۆ ئەمەش هەوڵ دەدەن پێشانگای تایبەت بە کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان لە موسڵ بکرێتەوە و هیوادارن پارێزگاری نەینەواش لەم پێناوەدا هاوکاری بکات.
پارێزگاری نەینەواش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وێڕای پێشوازی لە پێشنیارەکەی سەرکۆنسووڵی ئێران، وتی: لە کۆبوونەوە لە گەڵ سەرکۆنسووڵی ئێران سەبارەت بە ڕێژەی زیانەکانی شاری موسڵ بە هۆی داگیرکاری داعشەوە وتووێژ کراوە.
نەجم جبوری وتی: عێراقییەکان لە بەسرە تا زاخۆ، خوێنی گەنجانی خۆیان کردە قوربانیی ئازادکردنی موسڵ و بە گیانفیدایی ئەوان، ئەم شارە بۆ ئامێزی عێراقییەکان گەڕایەوە.
ناوبراو وتی کە بە جیدی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی موسڵ دەدرێت و لەم پێناوەدا هاوکاری هەر لایەنێک دەکەین کە خێرایی بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و نەهێشتنی ئاسەوارەکانی شەڕ لە موسڵ ببەخشێت./.