بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێهران ئەمیر موعینی جێگری بەڕێوەبەری بەشی نێودەوڵەتی لە بازاڕدۆزی کۆمپانیای نیشتمانی گازی ئێران ڕایگەیاند کە وەزارەتی کارەبای عێراق زیاتر لە 5 ملیار دۆلار پارەی گازی هەناردەکراوی ئێران قەرزارە کە 3 ملیار دۆلاری لە بانکی عێراقی TBI دەستی بە سەردا گیراوە و زیاتر لە 2 ملیار دۆلاری دیکەی سەرەڕای تێپەڕبوونی کاتی دانەوەی، هێشتا ڕادەستی ئێران نەکراوە، بەدەر لەمەش، لایەنی عێراقی، بە پێی ڕێکەوتنی نێوان هەر دوو لا، زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بە هۆی غەرامەی گرێبەستەکان قەرزی لایە.
ئەمیر موعینی وتی کە لە پرسی هەناردەی گازی ئێراندا لایەنی عێراقی دەبێت بزانێت کە گرێبەستەکان دووقۆڵییە و هەر دوو لا دەبێت پابەندی بڕگەکانی بن، ئێستاش عێراق نابێت ڕەخنەی لەم کەمکردنەوەی ڕێژەی هەناردەیە هەبێت لە بەر ئەوەی کە پارەی گازی هەناردەکراوی ئێرانی نەداوە و ئەم بڕیارەی ئێرانیش نایاسایی نییە.
ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای نیشتمانی گازی ئێران وتی کە بەڵێنەکان دووقۆڵییە، ئەوان پابەند نەبوون و ئێمەش هەناردەی گازمان کەمکردووەتەوە./.