بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان وەڵامی پەیامە پیرۆزباییەکەی سەرۆک کۆماری ئێرانی پێگەیشت.
لەو وەڵامەدا ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سوپاسی پەیامە پیرۆزباییەکەی سەید حەسەن نەسروڵڵای کردووە.
لەو وەڵامەدا هاتووە کە حیزبوڵڵا دارە پیرۆزەیەکە کە بە هۆی سەرکردایەتی ئێوە و هەوڵ و تێکۆشانی گەنجانی ئیمانداری شۆڕشگێڕ و خوێنی پاکی شەهیدانی خۆڕاگری بەرهەمی داوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ڕایگەیاندووە کە هەرچی بەرەوپێشتر دەڕۆین، بەرەکەتی ئەم دارە و دەسکەوتەکانی زیاتر خۆنوێنی دەکات و درەوشاوە دەبێت تا لە ئاکامدا ئەم دارە هیوای جیهانی ئیسلام بێت. بەهێزبوونی خۆڕاگری ئیسلامی، هێڵی سەرەکی گەنجانی شۆڕشگێڕی کردووەتە مەترسییەک بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی کە خەوی لەوان بڕیوە و تەنانەت هاوکێشەیەکی نوێی لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕژێمەدا هێناوەتە پێشەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕۆڵەی کە خۆڕاگری ئیسلامی لە دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و تیرۆریزمی تەکفیری دەیگێڕێت، ئەم ڕەوتە تێکۆشەر و شۆڕگێڕەی کردووەتە کاراکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشەکانی ناوچەکە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ڕایگەیاندووە کە هیچ لایەنێکی سیاسی یان سەربازی لە ناوچەکە و هیچ هێزێکی نێودەوڵەتی ناتوانێت بوونی حیزبوڵڵا لە بەرچاو نەگرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای هەموو دوژمنی و پیلانگێڕییەکان لە دژی خۆڕاگری ئیسلامی، جوگرافیی ئەم خۆڕاگرییە چیدی بەسراوەی لوبنان و فەڵەستین نییە و ئەمڕۆ بووەتە مەکتەبێکی تەواو کە ئاڵای ئاسایش و سەقامگیریی لە لوبنان هەڵکردووە و بانگەوازی ئازادی فەڵەستینی داگیرکراو دەکات و ئەمڕۆش داوای گەشە و ئاشتی بە پێی دادپەروەری لە ئاستی ناوچەکە دەکات./.