بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو نووسەر و شرۆڤەکارە فەرەنسییە ڕایگەیاندووە کە ئەمریکای بە شکست و لاوازبوونەوە لە ئەفغانستان کشایەوە، ئەم پرۆسەش بە بڕیارەکانی دوناڵد ترەمپ دەستیپێکرد و بە بڕیاری کشانەوەی بایدن لە ئەفغانستان ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکای لاواز کرد، هاوتەریب لە گەڵ ئەم لاوازبوونەش، پێگەی چین، ڕووسیا، ئێران و تورکیا بەهێزتر بووە.
لە درێژەی ئەو نووسینەدا هاتووە کە دۆخی جیهان گۆڕانکاری زۆری بە خۆوە بینیوە، ئەمریکا چینی وەک ستراتیژی یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی خۆی داناوە بەڵام هێزی ئەمریکا بەرەو پاشەکشە دەڕوات.
نیکۆلا باورز کیشوەری ئاسیای وەک ناوەندی نوێی شەڕی سارد ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە لە ئێستاوە جیهان بە سەر دوو هاوپەیمانیدا دابەش بووە. لە لایەکەوە چین، ڕووسیا، ئێران، پاکستان و ئەفغانستانی تاڵیبان و لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا، هیندستان، ژاپۆن، کۆریای باشور، ڤێتنام و تایوان.
ئەو شرۆڤەکارە فەرەنسییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە شکستی ئەمریکا لە ئەفغانستان کاریگەری لە سەر پرسی ئاسایشی نیشتمانی فەرەنسا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دادەنێت. ناوچەی ئەفریقا لێکچوونی زۆری لە گەڵ ئەفغانستان هەیە و دەبێت فەرەنسا لە وڵاتی مالی بکشێتەوە و ستراتیژی خۆی سەر لە نوێ دیاری بکاتەوە./.