بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە گەڕی چوارەمی وتووێژەکانی نێوان تاران و ڕیاز لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو لە میانەی بەشداریی لە کۆنگرەی ڕافیدین لە بەغدا جارێکی دیکە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق دووپات کردەوە.
مەسجدی وتی: ئێمە پەیوەندییەکی بەهێزمان لە گەڵ عێراقییەکان هەیە و بە فەرمی ڕامانگەیاندووە کە ئێران بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێگەیشتووەکان ئامادەیە لە گەڵ عێراق بێت.
وتیشی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و عێراق لە ساڵدا دەگاتە 13 ملیار دۆلار و لە قەیرانی کارەباش ئێران تەنیا وڵاتێکە کە لە گەڵ عێراقییەکان مایەوە.
باڵیۆزی ئێران وتی کە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارە عێراقییەکان لە زانکۆکانی ئێراندان.
ئیرەج مەسجدی وتی: لە شەڕی داعش دیسانەوە ئێران لە گەڵ عێراقییەکان مایەوە و ژمارەیەک ئێرانی لەو شەڕەدا شەهید بوون و ناویان لە ڕیزی شەهیدانی عێراقدا تۆمار کراوە.
ناوبراو سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ لێک نزیککردنەوەی ئێران و سعوودیە وتی: لە ڕێگای هاوکارییەکانی حکومەتی عێراقەوە تا ئێستا سێ گەڕی دانوستانەکانی ئێران و سعوودیە لە بەغدا بەڕێوەچووە و لە پاش تەواوبوونی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی ئێران گەڕی چوارەمیش بەڕێوە دەچێت./.