بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش 20 ساڵ و خەرجکردنی هەزاران ملیار دۆلار، ئەمریکا بە شکست و سەرشۆڕییەوە لە ئەفغانستان کشایەوە، بەڵام ئەمە تەواوی چیرۆکەکە نییە، لە بەر ئەوەی کە حکومەتی ئەمریکا و بانکی ناوەندی ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەکانی واشنتن دەستیان بە سەر داراییەکانی بانکی ناوەندی ئەفغانستاندا گرتووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پارەی دەستی خەڵکی ئەم وڵاتە کەمتر دەبێت.
ڕاپۆرتە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن کە کەس لەم دۆخەدا پارەی بە دەستەوە نەماوە. بە پێی ئەوەی کە قەیرانی ئەفغانستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەربڵاوتر دەبێت، خەڵکی ئەفغانستان ناتوانن تێچووی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن. سەرەڕای ئەوەی کە بایدن ڕایگەیاندووە دەیەوێت کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستان بێنێت و کۆتایی بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە بێنێت، بەڵام بە هەزاران سەربازی ئەمریکی لە ئەفغانستان ماونەتەوە و پاش تەقینەوەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵ، ئەو وڵاتە هێرشە ئاسمانییەکانی لە ئەفغانستان دەستپێکردووەتەوە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمریکا نەک تەنیا نایەوێت بە شێوازی ئاشتیانە کۆتایی بە قەیرانی ئەفغانستان بێنێت، بەڵکوو لە دژی ئەم وڵاتە شەڕێکی ئابوریی دەستپێکردووە.
حکومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە بانکی ناوەندی و دامەزراوە داراییەکانی دیکەی نزیکەی 10 ملیار دۆلار لە داراییەکانی بانکی ناوەندی ئەفغانستانیان بلۆک کردووە.
ڕاپۆرتە مەیدانییەکان پیشان دەدەن کە پارەی خەڵکی ئەفغانستان لە سفر نزیک بووەتەوە و فەرمانبەرێکی بانکی ناوەندی ئەم وڵاتەش ڕایگەیاندووە کە پارەی خەڵک بەرەو تەواوبوون دەڕوات.
ئەو کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاندووە کە دەرهێنانی پارە لە حسێبەکان و هەروەها وەرگرتنی پارەی چەکی بانکی ڕاگیراوە و خەڵی ئەفغانستان چیدی پارەیان بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی خۆیان نییە، بانکەکانی ئەفغانستان داخراون و سەرەڕای ئەوەی کە تاڵیبان هەوڵی کردنەوەیان دەدات بەڵام بە هۆی ئەوەی کە پارەیان نییە، بانکەکان نەکراونەتەوە.
فەرمانبەرێکی دیکەش بە هەمان شێوە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر بانکەکان دەست بە چالاکی بکەنەوە، دەبینین کە قەیرانەکە چەندە گەورەیە، حکومەتی بایدن دەستی بە سەر ملیارەها دۆلار لە دارایی ئەفغانستان لە ئەمریکادا گرتووە و لەم ڕێگایەشدا سندۆقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی بوونەتە هاوکاری ئەوان.
شارەزایەکی ئابوری پێی وایە کە قەیرانێکی بەربڵاوی ئابوری لە ئەفغانستان ڕوو دەدات.
ئەو شارەزایە بە کەناڵی سی ئێن ئێن ی ڕاگەیاندووە کە دۆخەکە بەرەو خەراپتربوون دەڕوات و بەرەو داهاتوویەکی بێهیوا هەنگاو دەنێین./.