بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل کەریم بەرپرسی کاروباری وزاری لە وەزارەتی کارەبای عێراق بە ئاژانسی فەرمی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاند کە دابینکردنی دارایی ڕێکەوتنی واژۆکراو لە گەڵ ئەردەن ئەنجام دراوە، کۆمپانیای جێبەجێکەری دیاری کراوە و ڕەوتی کارکردنیش بە هەمان شێوە و لەم وەرزی هاوینەدا دەست پێدەکات.
ناوبراو وتی: لە گەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس دانوستانەکان بەردەوامە و لە ئێستادا هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکی و داراییەکان دەدرێت و هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێکەوتنی نێوان هەر دوو لا واژۆ بکرێت و دانوستان لە گەڵ سعوودیەش بەردەوامە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کارەبای عێراق لە درێژەدا وتی: سەبارەت بە جۆرەکانی نوێی وزە، عێراق هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە و حکومەت بە وەبەرهێنانی 7500 مێگاوات وزەی پاک و ڕێکەوتن لە گەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان ڕەزامەندی دەربڕیوە.
عادل کەریم ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەگەری پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، حکومەتی عێراق پابەند دەبێت کە 4 تا 6 هەزار مێگاوات لە وەبەرهێنانی کارەبا زیاد بکات بەڵام هێشتا بەمەش کێشەی کارەبا بە تەواوی چارەسەر ناکرێت.
ناوبراو وتی کە لە ئێستادا 35 هەزار مێگاوات کارەبامان پێویستە بەڵام توانای ئێمە تەنیا زیاتر لە 21 هەزار مێگاواتە و ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە 14 هەزار مێگاوات کەمتر کارەبا هەیە و بۆ چارەسەرکردنی چەند ساڵێک کات پێویست دەبێت.
وتیشی کە وەزارەتی کارەبا پلانێکی 5 ساڵەی بۆ ئەوە هەیە کە ڕێژەی وەبەرهێنان بگەێنێتە 45 هەزار مێگاوات./.