بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فرانک هیپڵ یاریدەدەری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی لە نووسینگەی زانست و تەکنۆلۆژیای کۆشکی سپی و مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی پرینسۆن لە وتووێژێکدا لە گەڵ ئاژانسی ئیلنای ئێرانی سەبارەت بە ڕەوشی ئێستای ئەفغانستان و کشانەوەی ئەمریکییەکان، وتی: سەرەتا دەبێت بڵێین کە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو کاتەدا لە ئەفغانستان بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی قاعیدە بووە و دەیتوانی بە پێچەوانەی عێراقەوە سەرکەوتوو بێت بەڵام شکستی هێنا.
ناوبراو وتی: ئێستا ئەمریکا کشاوەتەوە و تاڵیبان بۆ دەسەڵاتی ئەفغانستان گەڕاوەتەوە و خەڵکی ئەم وڵاتە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەست بە زیان و مەترسییەکانی ئەم گەڕانەوە دەکەن، ژنانی ئەفغانستان جارێکی دیکە سەربەخۆیی خۆیان لە دەست دەدەن و خەڵکی ئەم وڵاتەش بەرەو وڵاتانی دیکە ئاوارە دەبن، ئەم شکستەش بۆ ئەمریکا لەبیر ناکرێت کە بووەتە هۆکاری کوشتن و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەفغانستان.
یاریدەدەری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی لە نووسینگەی زانست و تەکنۆلۆژیای کۆشکی سپی وتی: بایدن لە کاتێکی هەستیار و دژواردا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان دەرکرد، ئەو بڕیاریدابوو کە کۆتایی بە شەڕە بەردەوامەکانی ئەمریکا بێنێت. کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان بووە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەم وڵاتە کۆچ بکەن و ئەمەش شکستە بۆ ئەمریکا.
ناوبراو وتی: تاڵیبان بە توندڕۆییەکانی دەتوانێت سەرچاوەی کێشە بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران بێت، بەدەر لەمەش ئێران هەموو کات ئامانجێکی پەنابەرانی ئەفغانییە، کە واتە ڕەوشی ئێستای ئەفغانستان کاریگەری زۆری لە سەر ئێران دەبێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆ سەبارەت بە داهاتووی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێرانیش وتی: من هیوادارم کە حکومەتی نوێی ئێران گرنگی بە دانوستان بدات، ئێران ئەگەر هەڵگرتنی بەشێک لە سزاکان قبووڵ بکات ئەو ڕێکەوتنە چالاک دەبێتەوە و پاشان سەبارەت بە بابەتەکانی دیکەش وتووێژ دەکرێت.
فرانک هیپڵ وتی: لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە پاڵپشتی لە ڕێکەوتنی ناوەکی دەکات و لە لایەکی دیکەوە ئێران داوای هەڵگرتنی سەرجەم سزا و گەمارۆکان دەکات. خاڵی جێی ناکۆکی ئەوەیە کە حکومەتەکەی بایدن داوای وتووێژ لە سەر چەند بابەتێکی جیاواز دەکات و ئێرانیش ڕەتیکردووەتەوە کە لە سەر بواری بەرگری خۆی دانوستان بکات./.