بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئاماریی الدولیە للمعلومات کە بارەگاکەی لە بەیروتە، ڕایگەیاندووە کە لە پاش ڕاپرسییەک ئەنجامەکەی ڕوون بووەتەوە زۆربەی خەڵکی لوبنان پاڵپشتی لە پلانەکەی سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵا بۆ هاوردەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە دەکەن.
ناوەندەکە وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی ڕاپرسییەکە لە سەر ماڵپەڕەکەی خۆی، ڕایگەیاندووە کە ئەم ڕاپرسییە لە ڕۆژانی 23 تا 25 ی ئاب لە ڕێگای ناردنی کورتە نامەوە بۆ 800 کەس لە پێکهاتە جیاجیاکان و لە تەمەنە جیاجیاکان لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان ئەنجام دراوە.
ناوەندی الدولیە للمعلومات ڕایگەیاندووە کە لە سەدا 60.1 ی خەڵکی لوبنان پاڵپشتییان لە بڕیار و پلانەکەی نەسروڵڵا بۆ هاوردەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە کردووە، لە سەدا 17.6 ی ئەوان بە باشیان زانیوە کە هیچ بۆچوونی خۆیان ئاشکرا نەکەن و لە سەدا 22.3 ی ئەوان دژی بڕیارەکەی ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان بوون.
هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە لە کاتێکدایە کە لوبنان یەک ساڵە ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابوری بووەتەوە. دژایەتیکردنی هاوردەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە لە لایەن سەعد حەریری لە کاتێکدایە کە چەند سەرچاوەیەک باس لە پچڕانی کارەبای زۆربەی ناوچەکانی لوبنان بە هۆی کەمبوونی سووتەمەنییەوە دەکەن و سوپای ئەو وڵاتەش ڕایگەیاندووە کە بە هۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە ناتوانێت درێژە بە چالاکییەکانی بدات./.