بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە نوێنەرایەتی سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەشداریی لە کۆنفرانسی لوتکەی بەغدا کرد و لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە ئەم کۆنفرانسە ئەنجامی هەوڵەکانی عێراقە لە پێناو هاوکاری و پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و هیوادارین لە ئاکامی ئەم کۆبوونەوانەش بتوانین ناوچەیەکی ئاوەدان، ئازاد و گەشەسەندوومان هەبێت.
ناوبراو وتی کە ئەمڕۆ عێراق بە هۆی هەوڵەکان و تێڕوانینی داهێنانەوە ڕۆڵی گرنگی لە ناوچەکە دەبێت، کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ڕیزی یەکەم وڵاتاندا بووە کە عێراقی نوێی بە فەرمی ناسی و بە پاڵپشتی لە پرۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە، پەرەی بە پەیوەندییە سیاسی، ئابوری و بازرگانییەکانی لە گەڵ ئەم وڵاتە دا.
عەبدوڵڵاهیان وتی: سەرهەڵدانی داعش لە ڕیزی گرنگترین مەترسییەکاندا بوو کە ڕوبەڕوی ناوچەکە بوویەوە و زیانێکی زۆریشی لە خۆی بە جێهێشت، بەداخەوە کە عێراق لە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە زیانی بەرکەوتووە و ئەگەر ئیرادەی خەڵک، پاڵپشتی مەرجەعیەتی باڵا و یەکڕیزی چین و توێژە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە نەدەبوو، دیار نەبوو چ دۆخێک بۆ عێراق و ناوچەکە دەهاتە پێشەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: تاران لە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەوەی پێویست بوو هاوکاری گەل و حکومەتی عێراقی کرد، خەڵک، لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی عێراق لە پێناو سەربەخۆیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەزاران شەهیدیان داوە و بەڵام ئەمریکییەکان تاوانێکی گەورەیان کرد و دوو خەباتگێڕی گەورەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریان – شەهید سولێمانی و موهەندیس – تیرۆر کرد، ئەمریکییەکان نەک تەنیا ئاشتییان بۆ خەڵکی ناوچەکە نەهێناوە بەڵکوو هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرین.
ناوبراو وتی: چارەنووسی حکومەتەکان و گەلانی ناوچەکە پەیوەندی بە خاڵە هاوبەشەکانی ئائینی، کەلتوری، مێژوویی و جوگرافییەوە هەیە بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو هاوبەشییە بە هۆی دەستێوەردانی بێگانەکانەوە تووشی چەندین کێشەی وەک شەڕ و ناسەقامگیری بوونەتەوە، ئەوەی ئێستا پێویستە، ئاسایشی بەردەوامە بە بەشداری وڵاتانی ناوچەکە کە مسۆگەربوونی بەندە بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری لە پێناو گەیشتن بە ئاشتی و گەشەسەندن.
وتیشی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پاڵپشتیی لە عێراق کردووە، بە تایبەت لە بڕیارە ناوخۆییەکانی وەک دەرکردنی داگیرکاران و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و هەروەها لە پەرەپێدانی کەلتوری وتووێژ و هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە و ئەمەش بە بنەمایەکی مسۆگەربوونی ئاسایش و ئاشتی دەزانێت./.