بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم ڕاپۆرتەدا باس لەو کۆشک و قەڵا مێژووییانەی ئەفغانستان دەکەین کە دیمەنێکی دیکەیان بەم بەخشیووە، دیمەنێک بەدەر لە شەڕ و تەقینەوە و تاڵیبان و داعش و داگیرکاری ئەمریکا.
لێرەدا ئاماژە بە چەند کۆشک و قەڵایەکی مێژوویی ئەفغانستان دەدەین، ئەوەی کە هەر یەک لەوان پەیوەندییان بەم کام سەردەمی مێژووییەوە هەیە و لە کام ناوچەی ئەو وڵاتەدان.
ئەڵبەت تەنیا ناوی ئەو کۆشک و قەڵایانە هاتووە کە گرنگییەکی زۆریان هەبووە و هەر ئێستاش بە جۆرێک ماونەتەوە.
قەڵای ئیختیارئەلدین
قەڵای ئیختیارئەلدین لای ئەفغانییەکان بە ئەرگی هەرات ناو دەبرێت و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئەسکەندەری مەقدونی دەگەڕێتەوە بەڵام هێشتا وەک بەڵگەی مێژوویی ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە. ئەم قەڵایە لە ویلایەتی هەراتدایە و لە شوێنە مێژووییەکانی ئەفغانستانە کە لە ئاکامی شەڕە بەردەوامەکان و ڕووداوە سرووشتییەکان زیانی زۆری پێگەیشتووە. پێدەچێت لە ڕوبەری 5 هەزار مەتری چوارگۆشەیی ئەم قەڵایە، بەشێک حەرەمسەرا و بەشێکیش بۆ شوێنی مانەوەی هێزە سەربازییەکان بووبێت.
بە بۆچوونی بەشێک لە مێژووناسان ئەم قەڵایە کە لە سەر گردێکە لە باکوری هەرات، پاشماوەی شارێکە بە ناوی ئارتاگوانا کە بەرە بەرە لە ناو چووە و تەنیا ئەو قەڵایەی بە جێماوە کە لە سەر ئەو گردە درووست کراوە.
بەڵام ناوی ئیختیارئەلدین لە کوێ هاتووە و بۆ کێ دەگەڕێتەوە؟ پێدەچێت کە لە سەدەی 8 ی کۆچی مانگی کەسێک بە ناوی مەلیک فەخرەدین قەڵاکەی نۆژەن کردووەتەوە و ئیختیارئەلدین خزمەت و هاوکاری زۆری لە بواری زیندووکردنەوەی ئەم بینایە کردووە و بەم هۆیەوە ناوی ئەویان لە سەر قەڵاکە وەک یادگارێک ناوە، پاشان لە سەردەمی تەیمورییەکان دیسانەوە هەوڵی پاراستنی قەڵاکە دراوە و تەنانەت شاهڕۆخ تەیموری بە گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێنی تایبەت وەک ناوەندێکی ڕۆشنبیری و سەربازی کەڵکی لێ وەرگرت.
بەشی ناوەوەی ئەم قەڵایە کە وەک ئاسەوارێکی مێژوویی و گەشتیاری خەڵک دەتوانن سەردانی بکەن، مۆزەخانەی هەراتە کە ئاسەواری سەردەمی غەزنەوی، غوری، مەلکوک کەرت، سەفەوی و تەیموریی تێدا نمایش کراوە و لە مۆزەخانە گرنگەکانی وڵاتی ئەفغانستانە.
کۆشکی دارولئەمان
بۆ سەردەمی نوێ و هاوچەرخ دەگەڕێینەوە. کۆشکی دارولئەمان لە کابوڵ، پایتەختی ئەفغانستاندایە و وەک بینای ئەنجومەنی شا ئەمانوڵڵاخان لە لایەن ئەندازیارانی ئەڵمانیاوە درووست کرا بەڵام هێندە نەمایەوە. ئەم بینایە کە لەو لاتەدا زۆر جوان و کەم وێنە درووست کرا، پاش ڕووخانی حکومەتی شا ئەمانوڵڵا خان زیاتر وەک سەنگەر لە شەڕە جیاجیاکان بەکار دەهێنرا و کرایە ئامانجی هێرش و سووتاندنەکان. ئەم کۆشکە 150 ژووری گەورە و بچووکی هەبووە و بڕیار بوو بکرێتە بینای پەرلەمان کە لە ئاکامدا چارەنووسی ئەوە بوو بدرێتە وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان.
لە ئێستادا ئەم کۆشکە هیچ کەڵکی لێ وەرناگیرێت و لە کابوڵ ماوەتەوە و لە ساڵی 2005 بڕیار بووە بۆ ئامانجی گەشتیاری نۆژەن بکرێتەوە.
قەڵای فەرەیدون یان شارە کۆنەکە
قەڵای فەرەیدون یان شارە کۆنەکە لە کۆنترین ئاسەواری مێژوویی ئەفغانستانە کە لە ویلایەتی فەرایە. مێژووی ئەم قەڵایە بۆ زیاتر لە 2000 ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێننەوە.
بە پێی ئەوەی کە ئەفغانستان پەیوەندییەکی ڕۆشنبیری لە گەڵ ئێراندا هەیە، ڕەنگە هەندێک شوێنی مێژوویی ئەو وڵاتەش بە ناوی کەسایەتییە مێژووییەکانەوە ناو نراوبێت و خەڵک لەو بڕوایەدان کە لە لایەن ئەوانەوە درووست کراون. ئەمەش لە هەندێک شاری ئێران بینراوە. قەڵای فەرەیدونیش ئەم چیرۆکەی هەیە. دەوترێت کە لە لایەن فەرەیدون کەسایەتی ناوبانگی مێژوویی درووست کراوە، هەمان فەرەیدون کە زۆحاکی بە مارەکەیەوە لە ناو برد و ئەمەش لە چیرۆکە مێژووییەکاندا هاتووە. بەڵام بەشێکی دیکە لەو بڕوایەدان کە ئەم بینایەش لە لایەن ئەسکەندەری مەقدونی درووست کراوە. بۆچوونی مێژووناسان ئەوەیە کە ڕەنگە داریوش بینایەکی درووست کردبێت و لە بنەڕەتدا ئەم قەڵا و ناوچەکەی بۆ پێش ئەسکەندەر دەگەڕێتەوە.
ئەم قەڵایە لە گڵ و خشت درووست کراوە، 99 تاوەر و 2 دەروازەی گەورەی بە ناوی قەندەهار و هەرات هەیە. لە باکوری ڕۆژهەڵاتی قەڵاکە، بینایەکی بچووکی دیکە هەیە کە دەوترێت ڕەنگە شوێنی هەڵگرتنی چەک و تەقەمەنی بێت بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن کە ئەم قەڵایەش پەیوەندی بە هەمان فەرەیدونەوە هەیە و وەک شوێنی حەوانەی ئەوی دەزانن. ئەم بینایە ئەمڕۆ بە یاریگای وەرزشی، کۆشک و پەرستگە دەزانن.
کۆشکی جیهان نما
کۆشکی جیهان نما یان جیهان ئارا لە ئەفغانستان بە کۆشکێکی نوێ دادەنرێت کە لە شاری خەڵم دایە. دەوترێت کە عالەمگیری دووەم ئەم کۆشکەی بۆ کچەکەی لە سەر چیای هیندکی درووست کردووە و پاشان لە ساڵی 1268 ی کۆچی هەتاوی ناوی ئەم کۆشکە لە سەردەمی ئەمیر عەبدولڕەحمان خان بۆ کۆشی چل ئەستون گۆڕدراوە.
ئەم کۆشکە کە بۆ ژیانێکی شاهانە دیزاین کراوە، ئەندازیارانی هیندی و ئێرانی هەبووە. دواتر حەبیبوڵڵاخان و پاشان زاهیرخان کۆشکی جیهان نما نۆژەن کرایەوە. سەردەمێک کرایە میوانخانەی حکومی و دواتریش وەک بینای وەزارەتی هەواڵگری و ڕۆشنبیری کەڵکی لێ وەرگیراوە. لە ئێستادا ئەم کۆشکە وەک بینایەکی مێژوویی و گەشتیاری لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئەفغانستان تۆمار کراوە./.