بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە گوندی فرومەد ژمارەیەکی زۆر لە ئاسەوارە مێژووییەکانی سەردەمی ئیلخانییەکان و خواڕەزمییەکان بە جێ ماوە. لە سەردەمی خواجە عەلائەدین محەممەد، وەزیری ئەوکاتەی خۆراسان، چەندین شوێن بۆ حەوانەوە و تەنانەت نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشەکان لە فرومەد درووست کرا. هەروەها دەتوانین ئاماژە بە بینایەک بە ناوی کۆشک بدەین کە بەداخەوە تەنیا بەشێکی لێ ماوەتەوە.
ئاسەوارە مێژووییەکان و ڕاکێشیگەلی گەشتیاری فرومەد
لە گرنگترین ڕاکێشیگەلی ئەم گوندە دەتوانین ئاماژە بە مزگەوتی گشتی فرومەد، مەزارگەی ئبن یەمین فرومەدی، مەزارگەی شێخ حەسەنی جوری، بەنداوی شێخ حەسەنی جوری، مەزارگەی ئیمامزادە سەید ئەحمەد، کاروانسەرای شاعەباسی، گردی قەزا، دار چنارە 500 ساڵەکان، ئاسیاوە کۆنەکان و هەروەها حوسێنیەی گوندەکە بدەین.
لە ناوەندی ئەم گوندە جوانە، بینایەک بە ڕەنگی سوور دەبینرێت کە مەزارگەی ئبن یەمین، شاعیری ناسراو و بەناونابگی زمانی فارسییە. بینای مەزارگەکە لە ساڵی 1353 ی کۆچی هەتاوی (47 ساڵ بەر لە ئێستا) نۆژەن کراوەتەوە و بینایەکی جوانی تێدا درووست کراوە. لە سەر بەردی قەبرەکەش نووسراوە کە ئەمە مەزاری ئەمیر فەخرەدین محەممەد ئبن یەمین ناسراو بە ئبن یەمینە. شاعیرێک بووە زانا و لە سەردەمی ژیانیدا بە کەسێکی خاوەن پێگە لە کۆمەڵگادا ناوبانگی دەرکردووە.
مزگەوتی گشتی بە یەکێکی دیکە لە ئاسەوارە مێژووییەکانی گوندی فرومەد دادەنرێت کە مێژووەکەی بۆ سەدەی هەشتەمی کۆچی مانگی دەگەڕێتەوە و لە ڕووی بیناسازییەوە گرنگییەکی تایبەت بە خۆیی هەیە.
مەزارگەی شێخ حەسەنی جوری لە سەرکردەکانی ڕاپەڕینی سەربداران و لە قوتابییەکانی شێخ خەلیفە لە گوندی کەڵاتەی میر عەلەمی فیرۆزئاوا لە نزیک گوندی فرومەدە.
لە نزیک مەزارگەی شێخ حەسەنی جوری ئاسەواری شارێکی کۆن دەبینرێت کە بوونی ئاسەواری قەڵا و تاوەرەکان گوزارشت لە گەورەیی ئەو شارە لە 700 ساڵ پێش ئێستا دەکات.
ناوچەکانی نزیک لە فرومەد
گوند و ناوچەی جوان و گەشتیاری نزیک لە فرومەد زۆرن و ناوی هەندێکیان بریتییە لە: سەیدئاوا، فیرۆزئاوای سەروو، فیروزئاوای خواروو، محەممەد ئاوا، مەسیح ئاوا، میرئەعلەم، میرحاج، نەسرەتیە، سەدرئاوا، ئستربەند، کەڵاتەی سادات، کەڵاتەی ئاغا، کەڵاتەی ساڵح، سوڵتان ئاوا، بینە خانی، کەڵاتەی قلیچ، بازگەز، کلیدڕو و پەهنستان.
کەش و هەوای فرومەد
کەش و هەوای ئەم گوندە لە بەهار و هاویندا مامناوەند و وشک و لە زستاندا ساردە. ناوچەی فرومەد زیاتر لە 30 کارێزی لە خۆیدا شوێن کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئاوی پێویستی گوندەکە بۆ کشتووکاڵ و خواردن دابین دەکات، بەشێک لەو کارێزانەش مێژوویەکی چەند سەد ساڵەیان هەیە.
زمان و ئائین
دانیشتووانی گوندەکە بە زمانی فارسی و وێژەی خۆراسانی قسە دەکەن، ئەوان موسڵمانن و لە سەر مەزهەبی شێعەی جەعفەرین.
بەرهەمەکان
میوەکانی وەک هەنار، گوێز، ترێ، هەنجیر و ….. لەم گوندەدا بە ڕێژەیەکی زۆر بەرهەم دێن، لە ڕووی کشتووکاڵیشەوە گەنم، جۆ، پیاز، چۆنەر، لۆکە و ….. بووەتە سەرچاوەیەکی دارایی و بەرهەمەکانی فرومەد ڕەوانەی ناوچەکانی ئێران و تەنانەت دەرەوەی وڵات دەکرێت.
لە ڕووی ئاژەڵداریشەوە ئەم گوندە چالاکییەکی زۆری تێدا دەبینرێت، هەروەها بەخێوکردنی ماسی و هەنگەوانیش لە ڕیزی چالاکییەکانی ئەواندایە. بەم شێوازە دەتوانین بڵێین کە ئەوان بۆ بژێوی ژیانی خۆیان سەربەخۆیانە ئیشیان کردووە و ئەگەر بڵێین لە ڕووی داهاتەوە پێویستیان بە دەرەوە نەبووە بە هەڵەدا نەچووین.
لەم گوندەدا جۆرە بەردێکی کانزایی بە ناوی کرۆمیت هەیە کە بەرهەمێکی ستراتیژییە و 80 ساڵ بەر لە ئێستا یەکەم کانزای کرۆمیت تێیدا دۆزراوەتەوە و هەناردەی وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەڵمانیا دەکرێت.
خەڵکی گوندەکە لە ڕووی پیشەسازی دەستیشەوە بەهرەیەکی زۆریان هەیە.
کۆی ئەم خاڵانە وایکردووە کە بە درێژایی مێژوو خەڵکی فرومەد لە ڕووی ئابوری و داراییەوە توانایەکی زۆریان هەبێت.
ڕێوڕەسمەکان
لە گوندی فرومەد گرنگییەکی زۆر بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی مانگی موحەڕەم دەدرێت، لەم گوندەدا موحەڕەم بە شکۆیەکی زۆر و بەشداری زیاتر لە 10 هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکە بەڕێوە دەچێت. هەروەها ڕێوڕەسمی نەورۆزیش لای خەڵکەکەی بە گرنگییەوە سەیر دەکرێت و ساڵانە بەڕێوە دەچێت.
لەم گوندەدا بایەخ بە مۆسیقاش دراوە کە مۆسیقای خۆجێی و لە جۆری خۆراسانی بووە و بە زۆرینە لە زەماوەندەکاندا دەبیسترێت.
وەرزش
زۆرانبازی، حەوت بەرد،گوراس، کەبدی و … لە ڕیزی ئەو وەرزشانەن کە لای خەڵکی فرومەد بە گرنگییەوە سەیر دەکرێن و بەردەوام لەم گوندەدا هەبووە.
خواردنەکان
لە خواردنە بەناوبانگەکانی ئەم گوندەش دەتوانین ئاماژە بە قاتقی، کامەجۆش، قروتی، کاچیرمە، دنی، ئاش جۆشی بارە، ماشپڵۆ و فەتیرمسکە بدەین کە بە تەواوی تایبەتە بەو ناوچەیە.
چۆن سەردانی فرومەد بکرێت؟
دەتوانن لە ڕێگای ترانزێتی شاهڕود – سەبزەوار بگەنە گوندی فرومەد. فرومەد لە گەڵ ڕێگای سەرەکی شاهڕود – سەبزەوار تەنیا 12 کیلۆمەتر و لە گەڵ ڕێگای ئاورێشم کە لە بەشی باکوری گوندەکەدایە تەنیا 24 کیلۆمەتر مەودای هەیە./.