بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنی شاندە میدیاییەکانی بیانی کە بۆ ڕووماڵی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسە ناوچەییەکەی بەغدا سەردانی ئەم وڵاتەیان کردووە، وتی کە بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفرانسە ڕووداوێکی گرنگە بۆ عێراق و ناوچەکە بە گشتی.
کازمی وتی کە ناوچەکە ڕوبەڕوی چەندین قەیرانی گەورە بووەتەوە کە دەبێت بە هاوکاری سەرجەم لایەنەکان و لە کەشێکی پێکەوەبوونی ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕوبەڕویان ببینەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەی بە هۆکاری گەڕانەوەی پێگەی وڵاتەکەی لە مسۆگەربوونی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە ناو برد و وتی کە سیاسەتی عێراق بوونی باشترین پەیوەندییە لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و هەوڵی گەڕانەوەی ئەم پێگەش دەدرێت.
وتیشی کە سەردەمی شەڕ و ناکۆکی و پێکدادان تەواو بووە و عێراق دەتوانێت پردی پەیوەندی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بێت و داواش لە هەمووان دەکات لە سەر بنەمای پێکەوەبوون و هاوکاری، ئاشتی لە ناوچەکەدا بەدی بێنن./.