بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی روسیا الیوم سەبارەت بە کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی، وتی کە ئامانجی ئەو کۆنفرانسە دابەزاندنی ئاستی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لە سەر عێراقە.
ناوبراو وتی کە بەغدا ڕۆڵی لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە هەبووە.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە واشنتن وەک وڵاتانی دیکەی گرووپی بیست لە ئاستی باڵیۆزدا لە کۆنفرانسەکەی بەغدا بەشداری دەکات بەڵام لە پلەی یەکەمدا بەشداری وڵاتانی دراوسێ بۆ ئێمە گرنگە.
فۆئاد حوسێن بەراوردکردنی ڕەوشی عێراقی بە ئەفغانستانەوە بە هەڵە ناو برد و وتی: هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زۆر کەمترن لە ژمارەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانستان و هیچ کات حکومەتی عێراقیش بە حکومەتی ئەفغانستانەوە بەراورد ناکرێت و تەنانەت هێزە سەربازییەکانی ئەم دوو وڵاتەش وەک یەک نین و سەرەڕای ئەمەش هیچ گرووپێک لە ئاستی تاڵیباندا لە عێراق بوونی نییە.
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانیش وتی کە هیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان نییە و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە پاڵپشتی سیاسی و دارایی نێودەوڵەتی بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو سەبارەت بە ئێرانیش وتی کە سەرەڕای چەند کێشەیەک بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران بەهێزە.
فۆئاد حوسێن سەبارەت بە دوایین دۆخی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق وتی کە ژمارەی ئەو هێزانە پێش وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن 5 هەزار کەس بووە و عێراق داوایکردووە کە تا کۆتایی ئەمساڵ پاشەکشە بکەن./.