بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێزەتوڵڵا زەرغامی، سەرۆکی پێشووتری ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ یان میدیای نیشتمانی ئێران، لە لایەن سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئەم وڵاتە وەک وەزیری گەشتیاری بە پەرلەمان پێشنیار کرا و لە ئاکامدا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان وەک ئەندامی کابینەی سێزدەیەمی ئێران متمانەی پێبەخشرا.
ناوبراو لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونیدا وتی کە وەزارەتەکە لە سێ بەشی کەلەپوری فەرهەنگی، پیشەسازی دەستی و گەشتیاری پێکهاتووە و تێڕوانینێکی هاوبەشم لە سەریان دەبێت و لە سەر ئاستی وڵاتیش خەزێنەیەکی گەورە لە شارەزایان، پسپۆڕان و چالاکانی کەرتی تایبەت هەیە، ئەم وەزارەتە بە وەزارەتێکی کەم وێنە دادەنرێت کە ئەنجومەنەکان و کەتی تایبەتی جیدیی هەیە.
وەزیری نوێی گەشتیاریی ئێران وتی: بەداخەوە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی گەورەی بە کەرتی تایبەت لە بواری گەشتیاریدا گەیاندووە و ئەم کەرتە ڕوبەڕوی دۆخێکی دژوار بووەتەوە، بەم بۆنەوە بەرنامەیەکی تایبەتم ئامادە کردووە کە هەوڵ دەدەم لە ڕێگای ڕاوێژکردن بە بەرپرسان و شارەزایانی وەزارەتی گەشتیارییەوە، کەرتی تایبەت ڕزگار بکەین.
زەرغامی وتی کە لە هەر سێ بەشی وەزارەتی کەلەپوری فەرهەنگی، پیشەسازی دەستی و گەشتیاری کاری زۆر باش کراوە و منیش درێژەپێدەری ئەو کار و چالاکییانە دەبم و ئەگەر پێویست بکات کاری نوێ بە شێوازی جۆربەجۆر جێبەجێ دەکەین.
وەزیری گەشتیاریی ئێران بە ئاماژە بە ئامادەیی وەزارەتی تەندرووستی بۆ بەرەوپێشچوونی گەشتیاری تەندروستی، وتی: کاتێک وەزارەتی تەندرووستی و دامودەزگاکانی دیکە ئامادە بن ئێمە دەتوانن لە سەر کەرتی گەشتیاری تەندرووستی و کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ئێران حسێبی تایبەت بکەین.
عێزەتوڵڵا زەرغامی هەروەها وتی کە دەبێت بە پێداویستییەکانی خەڵک و ئەوەی کە خۆشیان دەوێت گرنگی و بایەخ بدەین، هەر بۆیە بۆنە نیشتمانییەکان لە ئێران دەکەینە ڕۆژی یەکگرتنی خەڵک نەک پیشاندانی جیاوازییەکان./.