بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە درێژەدا ئاماژە بە چەند خواردنێک دەدرێت کە ددانەکان پاک و خاوێن دەکەنەوە.
سێو
خواردنی سێو دەتوانێت یارمەتیدەری پاک و خاوێن ڕاگرتنی ددانەکان و نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم بێت. سێو دەوڵەمەندە بە فیبر و خواردنەکەی وەک بەکارهێنانی فڵچە و هەویری ددانە و لە خاوێنکردنەوەی ددانەکان و لەناوبردنی پاشماوەکانی خواردن ڕۆڵی گرنگی هەیە، ئەسیدینەی نێو سێو دەتوانێت بەکتریا زیانبەخشەکان لە ناو ببات و لە ئەنجامی ئەمەش بۆنی ناخۆشی دەم ناهێڵێت. باشتریشە کە سێو بە پێستەوە بخورێت لە بەر ئەوەی کە هەڵگری فیبرێکی زۆر تەندرووستە بۆ ددان.
گێزەر
گێزەریش وەک سێو دەوڵەمەندە بە فیبر و لە کاتی خواردنی ددانەکان پاک و خاوێن دەکاتەوە. هەروەها ڤیتامین B لە گێزەردا زۆرە کە ئەویش ڕێگری لە هەوکردنی پوک دەکات.
سەوزەکان
سەوزە گەڵادارەکانی وەک کەلەرم ڕێژەیەکی زۆر لە فیبریان هەیە و لە هەمان کاتیشدا ڕێژەی کالۆرییان کەمە و ئەمەش بۆ ددانەکان زۆر گرنگە، هەر وەک سێو و گێزەر کە باس کران. فیبری نێو سەوزە گەڵادارەکان پاشماوەی خواردنەکان لە نێو ددانەکان لە ناو دەبەن. کەلەرم هەڵگری کالسیۆم و ڤیتامینەکانی گرووپی B یە و دەتوانێت ددانەکان بەهێز بکات و ڕێگری لە هەوکردنی پوکیش دەکات.
پەنیر
پەنیر خۆی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە پاک و خاوێنکردنی ددانەکاندا نییە بەڵام ڕێگری لەوە دەکات کە خواردنەکانی دیکە زیان بە ددانەکان بگەێنن. پەنیر ڕێژەیەکی زۆر کالسیۆمی هەیە و ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەهێزبوونی ددانەکان، سوودەکانی خواردنی پەنیر تەنیا ئەمە نییە، ئەم خواردنە چەشنێک پرۆتینی هەیە بە ناوی کازئین کە لە خەراپبوونی ددانەکان ڕێگری دەکات. خواردنی پەنیر بۆ بەهێزبوون و ڕێگری لە خەراپبوونی ددانەکانی منداڵان بە پێویست دادەنرێت./.