بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینەی نوێدا وتی: سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵەی کە دراوە، ئەمڕۆ ڕوبەڕوی بارودۆخێک بووینەتەوە کە شیاوی گەلی گەورەی ئێران نییە و دەبێت گۆڕانکاری لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا بکرێت.
ناوبراو وتی: خەڵک دەبێت بەرەوپێشچوون لە کارەکان و جێبەجێکردنی دادپەروەری ببینن و دەبێت پیشان بدەین کە بە ناوی دەسەڵاتی پیرۆزی کۆماری ئیسلامی و بە ناوی حکومەتی ئیسلامییەوە پێداگری لە سەر جێبەجێکردنی دادپەروەری دەکەین.
ڕەئیسی یەکێک لە کارە گرنگەکانی حکومەتەکەیی بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناو برد و وتی: وەزیرەکان لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و لەو شوێنەی کە حکومەت دەیەوێت ئیمتیازێک بە کەرتی تایبەت بدات و لەو شوێنانەی کە موڵەتەکان دەردەکرێت، دەبێت ڕێڕەوەکانی گەندەڵی دابخەن، ئەمەش بەڵێنێکی گەورەیە کە من بە خەڵکم داوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پرسی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنای بە کارێکی گرنگی دیکەی کابینەکەی ناو برد و وتی کە خۆشبەختانە هێزە چەکدارەکان بە هەموو توانایەکەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە و هیوادارین لە کورت ماوەدا بتوانین بە سەر ئەم دۆخەدا زاڵ بین./.