بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتی ئاشکرابوونی وادەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ناوچەیی بەغدا، میدیاکان ڕاپۆرتی جیاجیایان لە سەر ئاستی بەشداری وڵاتانی بانگهێشتکراو بڵاو کردووەتەوە.
حوسێن نازم وەزیری ڕۆشنبیری و وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕۆژی پێنج شەممە 26 ی ئاب ڕایگەیاند کە کۆنفرانسی بەغدا بە ناونیشانی “کۆنفرانسی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی” لە ئاستی لوتکەدایە کە وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی جیهان تێیدا بەشداری دەکەن.
بە پێی زانیارییە میدیاییەکان تا ئێستا ڕوون کراوەتەوە کە هەر یەک لە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری مسیر، عەبدوڵڵای دووەم شای ئەردەن و شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر، سەرۆکایەتی شاندی وڵاتانی خۆیان لەم کۆنفرانسەدا دەکەن.
کوێت بە فەرمی ڕایگەیاندووە کە میری ئەم وڵاتە سەرۆک وەزیرانی بۆ بەشداری لە کۆنفرانسەکەی بەغدا ڕاسپاردووە.
سەرچاوەیەک لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە محەممەد بن زاید جێنشینی ئەبوزەبی سەرۆکایەتی شاندەکەی ئیمارات دەکات.
ئەمە یەکەم جارە کە میری قەتەر و جێنشینی ئەبوزەبی سەردانی عێراق دەکەن.
سەبارەت بە تورکیا ڕاگەێندراوە کە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوە سەرۆکایەتی شاندەکەی ئەو وڵاتە دەکات.
میدیا عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە ئێرانیش بەنیازە لە ئاستی وەزیری دەرەوە بەشداری لە کۆنفرانسەکەی بەغدا بکات و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بۆ ئەو مەبەستە دەگاتە بەغدا. ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە لە پاش وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان بە فەرمی بووە وەزیری دەرەوەی ئێران.
سەبارەت بە سعوودیە هێشتا بڕیاری کۆتایی دەرنەکراوە، هەرچەندە پێشتر باس لەوە دەکرا کە فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی بەغدا دەکات.
کۆشکی ئیلیزێ ڕایگەیاندووە کە ئیمانۆیل مەکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا بەشداری لە کۆنفرانسەکەی بەغدا دەکات.
بەدەر لە فەرەنسا، چوار وڵاتی دیکەی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ڕووسیا، ئەمریکا، چین و بەریتانیا) لە ئاستی باڵیۆزانی خۆیان لە بەغدا بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.
نزار خەیروڵڵا بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وتەبێژی لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسەکەی بەغدا ڕایگەیاندووە کە ئامادەبوونی سەرکردە و بەرپرسانی باڵای چەندین وڵاتی گرنگی ناوچەکە و جیهان دەسکەوتێکە بۆ حکومەتی عێراق./.