بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق کۆتایی بە هاوردەی چیمەنتۆ لە وڵاتانی دیکەوە هێناوە. سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی چیمەنتۆی ئەم وڵاتەش دەڵێت کە کێشەی سەرەکی پیشەسازی چیمەنتۆ لە عێراق نەوتە.
ناسر ئیدریس سەرۆکی یەکێتی وەبەرهێنەرانی چیمەنتۆی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە 18 کارگەی وەبەرهێنانی چیمەنتۆی هەیە کە سەرجەمیان بە نەوتی ڕەش کار دەکەن و لە وڵاتانی دیکەی جیهان نەوتی پێویست بۆ کارگەکانی چیمەنتۆ بە خۆڕایی دابین دەکرێت بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوام پێداگری لە سەر وەرگرتنی پارەی نەوت لە کارگەکانی چیمەنتۆ دەکات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هەر کارگەیەکی چیمەنتۆ ساڵانە 500 ملیۆن لیتر نەوتی پێویستە و حکومەت نەوت بە لیتری 150 دینار دەداتە ئەو کارگانە و ئەمەش بەو مانایە دەبێت کە ساڵانە دەبێت 75 ملیار دینار یان نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار پارە ڕادەستی وەزارەتی نەوت بکەن کە دەکاتە لە سەدا 25 ی تێچووی چیمەنتۆ لە عێراق.
بە وتەی ناسر ئیدریس، ئەگەر نەوت بە بێ هیچ پارەیەک بە کارگەکانی چیمەنتۆی عێراق بدرێت نرخی هەر تەن چیمەنتۆ لە 90 هەزار دینار یان 61 دۆلارەوە بۆ 70 هەزار دینار یان 47 دۆلار دادەبەزێت.
ڕاشیگەیاندووە کە لە ساڵی 2020 لە عێراق 30 ملیۆن تەن چیمەنتۆ بەرهەم هێنراوە و ڕێژەی وەبەرهێنانی شەش مانگەی یەکەمی ئەمساڵیش 15 ملیۆن تەن بووە.
نرخی کەمی چیمەنتۆ لە وڵاتانی دراوسێ وایکردووە کە حکومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەی دەربکات. بڕیارەکە مەرجێکی هەبووە و ئەویش ڕێگری لە بەرزکردنەوەی نرخی چیمەنتۆ لە بازاڕەکانی عێراق بووە، واتە لە 90 هەزار دینار بۆ هەر تەنێک زیاتر نەبێت.
خەمڵاندنەکانی حکومەتی عێراق باس لەوە دەکات کە ئەم وڵاتە ساڵانە دەتوانێت 40 ملیۆن تەن بەرهەمی چیمەنتۆی هەبێت، لە کاتێکدا کە لە ناوخۆوە تەنیا پێویستی بە 20 ملیۆن تەن هەیە.
پیشەسازی چیمەنتۆی عێراق مێژوویەکی زیاتر لە 85 ساڵەی هەیە. یەکەم کارگەی وەبەرهێنانی چیمەنتۆی عێراق لە ساڵی 1936 دەستی بەکار کرد. تا ساڵی 2016 ئەم وڵاتە تەنیا سێ کارگەی هەبووە و ئەوان پێکەوە کۆمپانیای چیمەنتۆی عێراقیان دامەزراند کە ژمارەیەک کارگە لە پارێزگاکانی ئەم وڵاتە لە خۆ دەگرێت. بە پێی ئەو ئامارانەی کە بڵاو بووەتەوە، 6 لەو کارگانە لە پارێزگای نەینەوا، یەکێک لە پارێزگای کەرکوک، 3 کارگە لە پارێزگای ئەنبار و 8 کارگەش لە پارێزگاکانی باشوری عێراقە و وا دیارە ئامارەکە ئاماژەی بە کارگەکانی هەرێمی کوردستان نەداوە.
عێراق لە سەرەتاکانی دەیەی 1980 لە گەورەترین هەناردەکارانی چیمەنتۆی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و ساڵانە 7 ملیۆن تەنی هەناردە دەکرد. ئەمەش یەکەم پیشەسازی عێراقە کە وایکردووە پێویستی بە بەرهەمی هاوردە نەبێت./.