بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نزیکەی لە سەدا 92 ی شوتی لە ئاو پێک دێت و میوەیەکی بێ چەورییە. تایبەتمەندییەکی جۆربەجۆریشی هەیە، لە باشترکردنی تەندرووستی دڵ تا بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە.
باشترکردنی تەندرووستی دڵ و ئێسکەکان:
لیکۆپنی ناو شوتی بۆ پاراستنی تەندرووستی دڵ و خوێنبەرەکان بە فەرمی ناسراوە، وێڕای ئەوەی کە هۆکارێکی گرنگیشە لە پاراستنی تەندرووستی ئێسکەکان. بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆری شوتی بە پێی ئەوەی کە ڕەوتی سوڕی خوێن باشتر دەکات، تەندرووستی دڵیش زیاتر دەکات. لیکۆپن هەروەها سترێسی ئۆکسیداتیۆ دادەبەزێنێت. شوتی هەروەها دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و یارمەتیدەری پاراستنی کالسیۆمی جەستە و بوونی ئێسک و جومگەیەکی بەهێز دەبێت.
دابەزینی چەوری جەستە:
هەر پەرداخ ئاوی شوتی هەڵگری 250 میلی گرام سیترۆلینە. ئەسید ئەمینەیەک کە دەبێتە ئارژنین و ئەمەش ڕێگری لە کۆبوونەوەی زیاتری چەوری لە جەستەدا دەکات. بە پێی توێژینەوەکان بەکارهێنانی ئاوی شوتی پێش چالاکییەکانی جەستە لێدانی دڵ ڕێکدەخات.
پاراستنی تەندرووستی گورچیلە:
خواردنی شوتی بە شێوازی سرووشتی میزکردن زیاد دەکات و بە پێچەوانەی کافایین و مادە کحولییەکان یارمەتیدەری پاراستنی گورچیلەکان دەبێت.
باشترکردنی تەندرووستی چاو:
شوتی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە بیتاکارۆتین کە لە جەستەدا دەبێتە ڤیتامین A و هەروەها بۆ پاراستنی چاو و ڕێگری لە نەخۆشییەکانی وەک شەوکوێری بەسوودە.
وزەی جەستە زیاتر دەکات:
شوتی هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B کە بۆ زیاترکردنی وزەی جەستە بەسوودە.
بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی ڕەبو بەسوودە:
ئەنتی ئۆکسیدانی نێو ئەم میوەیە تا ڕادەیەکی زۆر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی نەخۆشی ڕەبو بەسوودە. هەروەها مەترسی نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجەی ڕیخۆڵە و پرۆستات بە خواردنی شوتی کەم دەبێتەوە./.