بێگومان کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەم شێوەیە پشت بە چەندین خاڵی هاوبەشی وەک مێژوو، جوگرافی، کەلتور و …. دەبەستێت و جێی ڕەزامەندی ئەوانەش نییە کە تا دوێنێ هاوکار و پاڵپشتی سەرەکی سەدام لە تاوانەکانی لە دژی گەلانی ئێران و عێراق بە تایبەت کوردان بوون و ئێستاش هەر ئەوانە لە چوارچێوەیەکی بە ناو دۆستایەتی لە گەڵ هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پەیوەندییەکانی ئەم ناوچەیە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرجەم هەوڵەکانی نەیارانی پتەوبوونی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران لە بوارە جیاجیاکان تەنیا چارەنووسی شکست بووە.
ئێرانییەکان و کوردانی عێراق لە سەنگەرێکی هاوبەشدا لە دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس خەباتیان کردووە، یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە ناودارەکانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە خوێنی پاسدارە ئێرانییەکان و پێشمەرگەکانی کوردستان لە سەنگەری هاوبەشی دژ بە سەدام تێکەڵ بوو و بووە بەردی بناغەی ئەم پەیوەندییەی کە ئێستا لە بەرزترین ئاستدا بووەتە هۆکاری مسۆگەربوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەر دوو لا. ڕەنگە کەمتر کەسێک لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت کە تراژدیای کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی بێ تاوانی هەڵەبجەی لە لایەن سەدامی خائین و بەکرێگیراوی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بیر نەبێت. لەو ڕۆژە دژوارانەدا، نە ئەمریکا بوو و نە بانگەشەی پاڵپشتییەکانی و نە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە، هەموویان لە بەرەی هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی سەدام و کردەوە نامرۆڤانەکانیدا بوون بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە دانپێدادانی دۆست و دوژمن، تەنیا وڵاتێک بوو کە بە باوەشی کراوە پێشوازیی لە ئاوارەکان کرد و ئەوانی لە شار و ناوچە جیاجیاکاندا نیشتەجێ کرد و بە خێراییش چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کرد، ئەوەش لە کاتێکدا بووە کە ئێران خۆی بە بۆنەی شەڕی سەپێندراوی سەدام لە هەلومەرجێکی زۆر دژواردا بووە.
پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی 1991 و پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی، ئێران تەنیا وڵاتێک بوو کە لە ڕووی خزمەتگوزارییە ژێرخانییەکاندا هاوکاری ئەم ناوچەی کرد. هەروەها لە پاش گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003 ی عێراق بە هەمان شێوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە کردنەوەی دوو کۆنسووڵخانە لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بە کردەوە ئەوەی سەلماند کە گرنگی بە پاراستنی پەیوەندییەکانی ڕابردوو و گواستنەوەی بۆ ڕێڕەوێکی فەرمی و بەربڵاو لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەر دوو لا دەدات.
لە ساڵانی شەڕی داعش کە بە پێی لێدوانی کەسانی وەک دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشوو و هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، بەرهەمی دەستی واشنتن لە ناوچەکە بووە و بەردەوام پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبیشی لە پشتەوە بووە، کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە هاوکاری هەرێمی کوردستانی کرد، پەیوەندییە تەلەفوونییەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی لە گەڵ شەهید قاسم سولێمانی و دەستبەجێ گەیاندنی هاوکارییە ڕاوێژکاری و سەربازییەکانی ئێران بابەتێک نییە کە بەم ئاسانییە لەبیر بکرێت و بەرپرسانی باڵای هەرێم و پارتیش بەردەوام باسی هاوکارییەکانیان کردووە.
بەدەر لە بابەتە فەرمییەکان لە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی لە نێوان دانیشتووانی ئێران بە تایبەت ناوچە کوردنشینەکان و هەرێمی کوردستان هەیە. ئەگەر پێش قەیرانی کۆرۆنا سەیری دەروازە سنورییەکانتان کردبێت، ژمارەی زۆری ئەو کەسانەتان بینیوە کە لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتی ئێرانیان کردووە و ئەمەش پیشاندەری خۆشەویستی ئەوانە بۆ ئێران وەک وڵاتێکی دۆست و بە دڵنیاییەوە کە هۆکارێکە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵی دوژمنان و نەیاران بۆ لاوازکردنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر.
بەڕێزتان ئەگەر خۆتان بە سیاسەتمەدار دەزانن بە دڵنیاییەوە ئاگاتان لەم ڕاستیە مێژووییانە و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. هەروەها لەوەش ئاگادارن کە سەرۆک و بەرپرسانی باڵای پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە ئێوەش بەردەوام خۆتان بە شوێنکەوتووی ئەو سیاسەت و ڕێبازەیان دەزانن تا چەندە گرنگی و بایەخ بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەدەن. بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەشە کە لە سەردانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆک کۆماری ئێران لەو ئاستەدا پێشوازییان لێکرا کە تا ماوەیەک میدیاکان و شرۆڤەکارانی کورد بەردەوام باس و تاوتوێیان دەکرد.
هەر بۆیە باشترە تێڕوانینێکی ڕاست و درووستتان لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران و هەولێر هەبێت و ئەوەش بزانن کە ئەم پەیوەندییانە نەک بە نووسراوێکی بەڕێزتان و بابەتی هاوشێوەی، بەڵکوو سەرەڕای پیلانگێڕی بەردەوامی دوژمنان و نەیاران وەک خۆی ماوەتەوە و لە سەر بنەماکانی ڕێزی بەرامبەر، مافی دراوسێبوون و مسۆگەربوونی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو دەنێت.
ڕەزا ڕەحمەتیان
بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی جام کوردی