بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی CNN وتی کە تا کارنامەی کار و چالاکییەکانی گرووپی تاڵیبان لەم قۆناغەدا نەبینرێت ناتوانین سەبارەت بەوان پێشبینی بکەین.
ناوبراو وتی کە دەبێت سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی ئاشتیانە لە ئەفغانستان هەوڵ بدەین و دابەشکردنی دەسەڵات لەو وڵاتە ڕوو بدات، هەروەها دەبێت مافی کەمینەکان، مافی مرۆڤ و بە تایبەت مافی ژنان دەستەبەر بکرێت.
ئالی سانی وتی کە قەتەر لە ڕەوتێکی وەها پاڵپشتی دەکات و ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمەش بێت ئێمە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناتوانین هاوکاری ئەفغانستان بکەین.
وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی کە هیچ کەسێک نایەوێت ئەفغانستان ئەو وڵاتە بێت کە لە سەدەکانی ڕابردوودا بژیت.
قەتەر لە لایەنگرانی سەرەکی گرووپی تاڵیبانە و لە ساڵانی ڕابردوو نێوەندگێڕی ئەم گرووپە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بووە و ئاسانکاریشی بۆ دانوستانی تاڵیبان و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە کردووە./.