بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ئاژانسی سپۆتنیک، سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لە حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەگەر موقتەدا سەدر پێداگری لە سەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان بکات، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەش چیدی پێداگری لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی لە 10 ی مانگی ئۆکتۆبەر نەکات.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە ڕەوتی سەدر و مستەفا کازمی (کە لە لایەن سەدرییەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت) دوو لایەنی گرنگی هەڵبژاردنەکانن و ئەگەر هەڵبژاردنەکان لەم هەلومەرجەدا بەڕێوە بچێت لایەنەکانی دیکەی وەک هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، فەتح و لایەنەکانی کورد و سوننە لە دەرەوەی کازمی لە سەر دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ دەگەنە ڕێکەوتن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا مستەفا کازمی و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە ئەو پرۆسەیە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە دەچێت./.