بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یوسف عەسیمین ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەم ڕێکخراوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەفغانستان وتی کە تاڵیبان دەبێت ئەوە دەستەبەر بکات کە خاکی ئەفغانستان نەبێتە پەناگە و حەشارگەیەکی پارێزراو بۆ چالاکییەکانی تیرۆر و توندڕۆیی و هەروەها لەو وڵاتەش ئاشتی جێگیر دەبێت و ڕێز لە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان دەگیرێت.
ناوبراو وتی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێت لەم پێناوەدا یارمەتیدەر بێت کە جارێکی دیکە ئەفغانستان نەبێتە بنکەی چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکان، هەروەها نابێت وڵاتانی دیکە لە کاروباری ئەفغانستاندا دەستێوەردانیان هەبێت.
عەسیمین جەختیکردەوە کە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی جەخت لە سەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ئەفغانستان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو وڵاتە و دەستەبەرکردنی مافی دانیشتووانەکەی دەکاتەوە./.