بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد مەهدی جەوانمەرد قەساب سەبارەت بە دوایین دۆخی هەناردەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان وتی: لە دەروازە سنورییەکان و گومرکەکان هیچ کێشەیەک بۆ گواستنەوەی کاڵا لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان بوونی نییە و دەتوانم بڵێم کە پرۆسەکە بە شێوازی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.
ناوبراو وتی کە تاڵیبان باجی لە سەر هاوردەی کاڵا بۆ ئەفغانستان تا یەک لە سەر هەشتی ئەوەی پێشوو کەمکردووەتەوە و لە ئێستادا بازرگانان ئاسانتر و خێراتر دەتوانن کاڵای خۆیان ڕەوانەی ئەم وڵاتە بکەن.
ڕاشیگەیاند کە پێشبینی ڕەوتی بازرگانی لە گەڵ ئەفغانستان پێویستی بە ڕوونبوونەوەی ستراتیژی ئابوری ئەم وڵاتە هەیە و لە داهاتوودا دەتوانین لە سەر ئەم بابەتە قسە بکەین.
ڕاوێژکاری بازرگانی ئێران وتی کە تاڵیبان سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران ڕاگەیاندووە و کێشەیەکی ئەوتۆ سەبارەت بە بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات نییە./.