بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تێری ماریانی ئەندامی پەرلەمانی فەرەنسا بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی وڵاتەکەی و ئەمریکا لە بەرامبەر سوریا گرت.
ناوبراو کە لە سوریا لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆبووەتەوە، بە ڕۆژنامەی وەتەنی سوریای ڕاگەیاندووە ئیمانۆیل مەکرۆن هاوشێوەی سەرۆک کۆماری پێشووی فەرەنسا هەڵوێستێکی نەرێنیی لە بەرامبەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت سوریا هەیە.
ماریانی وتی کە مەکرۆن بەم سیاسەتانەی زیان بە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا دەگەێنێت و ئەمەش هەڵەیەکی سیاسی و ستراتیژییە، لە بەر ئەوەی کە سوریا لە شەڕی دژ بە تیرۆر سەرکەوتنی بە دەست هێناوە و سوپای ئەم وڵاتەش زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی تیرۆریستانی کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی ئەورووپا وتی کە ئێمە دەبێت لەم دۆخە وانە وەربگرین و پەیوەندییەکانمان لە گەڵ سوریا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەست پێبکەینەوە.
ناوبراو وتی کە سەرۆک کۆماری سوریا هۆکاری شکستەکەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ئەفغانستان بۆ لاوازبوونی ئەوان لە گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە دەگەڕێنێتەوە، لە بەر ئەوەی کە واشنتن و هاوپەیمانەکانی تەنیا لە ڕوانگەی سەربازییەوە سەیری کێشەکان دەکەن و لە بەرامبەر کۆمەڵگادا هیچیان پێنەکرا و پاش بیست ساڵ هەموو شتێک بۆ خاڵی سفر گەڕایەوە./.