بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جومعە عناد سەعدون وەزیری بەرگری عێراق لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ئاژانسی سپۆتنیک وتی کە دۆخی عێراق لە گەڵ ئەفغانستان بە تەواوی جیاوازە.
ناوبراو وتی: تاڵیبان بزوتنەوەیەکی بە تەواوی ئەفغانییە و کە دەیەکانی 80 ی سەدەی پێشوو تا ئێستا لە ئەفغانستان چالاکی هەیە و ساڵی 1996 تا 2001 لەو وڵاتە دەسەڵاتی بە تەواوی لە دەستەوە بووە.
وەزیری بەرگری عێراق وتی کە تاڵیبان لایەنگری لە ئەفغانستاندا هەیە و سیستەمی حکومڕانی ئەو وڵاتەش خێڵەکییە و تاڵیبانیش لە نێو هۆزەکانی ئەفغانستاندا دەستڕۆیشتووە.
جومعە عناد سەعدون وتی کە تاڵیبان بە تەواوی ئەفغانستانی بە جێنەهێشت و 20 ساڵ شەڕی هێزەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە و ئەفغانستانی کرد و لە ئاکامدا پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەستی بە سەر ئەفغانستاندا گرتەوە.
وتیشی کە دۆخی عێراق لە گەڵ ئەفغانستان جیاوازیی هەیە و ناتوانین ئەم دوو وڵاتە پێکەوە بەراورد بکەین، یەکەم جیاوازیش ئەوەیە کە داعش گرووپێکی جیهانییە نەک عێراقی و ژمارەیەکی زۆر کەم لە ئەندامەکانی عێراقین.
وەزیری بەرگری عێراق وتی کە داعش لە نێو کۆمەڵگای عێراق و هۆزەکانیدا ڕیشەی نییە و ئەوەی کە لە داعش ماوەتەوە، ژمارەیەکی زۆر کەمن کە لە ڕووی سەربازییەوە نابنە هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر عێراق.
جومعە عناد سەعدون وتی کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراقدا نییە و بە هەبوونی گەل و سوپاوە هەر هەڕەشە و مەترسییەک لە سەر عێراق شکست دێنێت./.