بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە بەرهەم ساڵح لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی، میری قەتەر، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و دوایین دۆخی ناوچەکەی تاوتوێ کردووە.
لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا بەرهەم ساڵح و شێخ تەمیم، پەیوەندی برادەرانە و هاوبەشی عێراق و قەتەر و چۆنیەتی بەرفراوانترکردنی لە بەشە جیاجیاکان لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشەکانی گەلانی هەر دوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
هەروەها جەختیش لە سەر چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە دۆخی ناوچەکە وەک پاراستنی ئاسایش و پەیوەندی نێوان وڵاتان کرایەوە.
وتووێژە تەلەفوونییەکەی سەرۆک کۆماری عێراق و میری قەتەر لە کاتێکدایە کە بڕیارە لەم ماوەیەدا کۆنفرانسی ناوچەیی بەغدا بە ئامادەبوونی وڵاتانی دراوسێی عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوە بچێت و قەتەریش یەک لەو وڵاتانەیە کە بانگهێشت کراوە./.