بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پسپۆڕانی بواری پزیشکی ڕایانگەیاندووە کە خواردنی بەردەوامی هێلکە کاریگەری تایبەتی هەیە لە سەر لەدەستدانی کێش، بەو پێیەی ئەو خۆراکە هەستێکی بەردەوامی تێربوون بە کەسەکە دەبەخشێت و وادەکات بڕێکی کەمتر خواردن بەکار بێنێت.
خوارنی هێلکەی کوڵاو وا دەکات کە ماوەیەکی زۆرتر هەستی تێربوون لای کەسەکە بمێنێتەوە، بە تایبەت ئەگەر لە گەڵ پەنیر و هەندێک لە گیاکان و سەلەمون و بیبەری تیژدا بخورێت کە تام و بۆنەکەشی خۆشتر دەکات.
لە لایەکی دیکەوە پسپۆڕانی بواری پزیشکی و خۆراک ئاماژەیان بە 12 کاریگەری گرنگی خواردنی هێلکە لە سەر جەستە داوە کە لێرەدا ئاماژەیان پێدەدرێت:
1 – بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە
خواردنی ڕۆژانەی هێلکە دەتوانێت ڕێژەی بەرگری جەستە لە بەرامبەر ڤایرۆس و نەخۆشییەکان زیاتر بکات. هێلکە هەڵگری مادەیەکە بە ناوی سلنیۆم کە دەتوانێت سیستەمی بەرگری جەستە بەهێزتر بکات. بە تایبەت خواردنی هێلکە بۆ منداڵان بە پێویست دادەنرێت.
2 – زیاتربوونی کۆلیسترۆڵی باش
لە جەستەدا دوو جۆرە کۆلیسترۆڵ هەیە. کۆلیسترۆڵی باش یان HDL و کۆلیسترۆڵی خەراپ یان LDL. ڕەنگە بڵێن کە ئەوەی کێشەی کۆلیسترۆڵی هەیە دەبێت بە تەواوی لە هەر دوو جۆرە چەورییەکە دوور بکەوێتەوە بەڵام لە ڕاستیدا کۆلیسترۆڵی باش دەتوانێت لە خواردنە ڕۆژانەکاندا یارمەتیدەری کەمکردنەوەی ڕێژەی کۆلیسترۆڵی خەراپ لە جەستەدا بێت. هەر هێلکەیەک هەڵگری 212 میلی گرام کۆلیسترۆڵە و یارمەتیدەری زیاتربوونی جۆرە باشەکەی کۆلیسترۆڵە.
3 – تەندرووستی زیاتری دڵ
کۆلیسترۆڵی LDL خەراپە، هەموومان ئەمە دەزانین، بەڵام پسپۆڕان لە میانەی توێژینەوەکانیان زیاتر بەوە گەیشتوون کە جۆری جیاواز هەیە تەنانەت لە کۆلیسترۆڵی خەراپیش، ئەوان دەڵێن کە دانەی گەورەتری کۆلیسترۆڵی خەراپ مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. تەنانەت ئەگەر خواردنی هێلکە ببێتە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی کۆلیسترۆڵە خەراپەکە لە هەندێک کەسدا، دیسانەوە مەترسی توشبوون بەو نەخۆشییە لای ئەوان کەم دەبێت.
4 – سووتەمەنییە بۆ جەستە
خواردنەکان بە سووتەمەنی جەستە دادەنرێن بەم هۆیەشەوە دەبێت ئاگاداری کوالیتی خواردنەکان بین، وەک چۆن ئەوەی کە هەموو کات دەتانەوێت بەنزینی باشتر بۆ ئۆتۆمبێلەکەتان بەکار بێنن. هێلکە هەڵگری ڤیتامین B و ئەمەش وا دەکات کە سووتەمەنییەکی باش بۆ جەستە بێت و بەم هۆیەوە وزەی ئێوە زیاتر دەکات.
5 – باشترکردنی قژ و پێست
نەک تەنیا هێلکە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین B2، بەڵکوو ڤیتامین B5 و B12 شی هەیە. ڤیتامین B-COMPLEX بە هەمان شێوە یارمەتیدەری خۆراک و پاراستنی پێست و قژ و چاو و جگەرە. ئەوان پرۆتینی زۆریان هەیە و دەبنە هۆی بەهێزبوونی قژ و گەشاوەبوونی پێست. هێلکە هەروەها بیۆتینی هەیە کە چەشنێک لە ڤیتامین B ی هەیە و ئەمەش بۆ گەشەی قژ بە سوودە.
6 – پارێزگاری لە پێست دەکات
هێلکە تەنیا سووتەمەنی جەستە نییە بەڵکوو سووتەمەنی مێشکیشە، هەربۆیە زیادکردنی هێلکە لە ژەمی خواردنی بەیانی دەتوانێت چالاکییەکانی مێشک بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات.
7 – ئەسیدی ئامین
جەستە 11 جۆر ئەسیدی ئامینەی هەیە بەڵام بە گشتی پێویستی بە 20 ئەسیدی لەو جۆرە هەیە کە هاوکاریتان دەکات وزەی جەستەی خۆتان بپارێزن و هەروەها سیستەمی بەرگری جەستە، ماسوولکەکان، پێست و قژی ئێوە بە تەندرووستی بهێڵێتەوە. هێلکە 9 ئەسید ئامینەی هەیە کە بریتین لە: هیستیدین، ئیزۆلۆسین، لۆسین، لیسین، متیۆنین، فنیل ئالانین، ترئۆنین، تریپتۆفان و والین.
8 – باشترکردنی دۆخی دەروونی
کەمبوونی ڕێژەی ئەسیدی ئامینە دەتوانێت هۆکاری کێشە دەروونییەکانی وەک سترێس، خەمۆکی و دڵەڕاوکێ بێت. وەک چۆن کە باس کرا هێلکە 9 جۆر لەو ئەسیدەی هەیە و دەتوانێت هەستێکی خۆش بە کەسەکە ببەخشێت.
9 – کێشەی بینین کەم دەکاتەوە
هۆکاری سەرەکی کێشەی بینین یان نابینایی لە بەساڵاچووەکان دەتوانێت پەیوەندی بە ماکولا و ئاوی مرواری چاوەوە هەبێت. زەردێنەی هێلکە لۆتئین و زاکسنتینی هەیە و ئەو دوو ئەنتی ئۆکسیدانەش ڕۆڵی گرنگیان لە ڕێگری لەو کێشانەی چاو هەیە.
10 – ددان و ئێسک بە تەندرووستی دەهێڵێتەوە
کەلسیۆم یەکێکە لە باشترین هۆکارەکانی تەندرووستی ئێسک. ئەوەش لە ڤیتامین D بەدی دەکرێت و هێلکەش دەوڵەمەندە بەو ڤیتامینە و لە ڕاستیدا یەکێکە لە سەرچاوە سرووشتییەکانی دابینکردنی بۆ جەستە.
11 – بە خواردنی هێلکە کەمتر پێویست بە خواردن دەکات
بەراورد بە خواردنەکانی دیکە، هێلکە پرۆتینی زۆرە و دەتوانێت کاریگەری لە سەر جۆر و ڕێژەی خواردنەکانی دیکە دابنێت.
12 – دابەزاندنی کێش
لە سەر ئەمەش لە سەرەتای نووسینەکەوە ئاماژە بە کاریگەری خواردنی هێلکە لە سەر دابەزاندنی کێش دراوە./.