بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هادی عەلی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان وتی کە سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە خۆیان بە خاوەن هێز دەزانن، پێویستە ئەو هەڵەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دووبارە نەکەنەوە.
ناوبراو وتی کە شکست و پاشەکشەی ئەمریکا لە ئەفغانستان پیشاندەری کۆتایی هاتنی سەردەمی داگیرکاری زلهێزەکانە لە وڵاتانی دیکە.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاماژەی بە لێدوانێکی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا دا کە ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی یەک ترلیۆن دۆلاری بۆ ڕاهێنان و پڕچەککردنی سوپای ئەفغانستان بەکارهێناوە و پێویست دەکات خۆیان بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن.
هادی عەلی وتی کە ڕەنگە ئەم سیناریۆیەش بۆ ئێمە ڕاست بێت و پێویستە چاوەڕوانی ئەوەش بکەین کە ڕۆژێک دێت هەمان هەڵوێست بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڕابگەێنن و ئێرەش ڕوبەڕوی هەمان چارەنووس بکەنەوە./.