بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حامید کەرزای سەرۆک کۆماری پێشووتر و عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشتەوایی نیشتمانی ئەفغانستان لە گەڵ چەند سەرکردەیەکی سیاسی گرووپی تاڵیبان کۆبوونەوە و دۆخی ئێستای وڵاتەکەیان تاوتوێ کرد.
عەبدوڵڵا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەر یەک لە شەهابەدین دلاوەر، عەبدولسەلام حەنیفی، خەیروڵڵا خەیرخواز و عەبدولڕەحمان فیدا لە سەرکردەکانی تاڵیبان بووە.
بە وتەی ناوبراو، چەند سەرۆک هۆز و کەسایەتییەکی دیکەی سیاسی لەو کۆبوونەوەدا بەشدارییان کردووە و سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئەفغانستان بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە.
عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا وتی کە چەندین بابەتی وەک پاراستنی ئاسایشی خەڵک، پرۆسەی سیاسی، ئاڵا و گرنگیدان بە پیرۆزییە نیشتمانییەکان لەو کۆبوونەوەدا قسەی لە سەر کراوە./.