بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانێکدا بۆ کوێت لە گەڵ نەواف ئەحمەد جابر سەباح و مەشعەل ئەحمەد جابر سەباح، میر و جێنشینی ئەو وڵاتە کۆبووە.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و کوێت و پتەوکردنی لە بوارەکانی ئابوری، وەبەرهێنان، پیشەسازی و بازرگانی بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کراوە.
مستەفا کازمی لەو کۆبوونەوەدا وتی: کێشە و قەیرانەکانی ناوچەکە لە کۆرۆنا تا ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکان و هەروەها هەلومەرجی دژواری ئابوری وایکردووە کە ئێمە گرنگی بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان بدەین و ئاستی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بەرز بکەینەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی کە بەغدا دەیەوێت خاڵی پێکەوەبەستنەوەی وڵاتان و لێک نزیککردنەوەی ئەوان لە ڕێگای وتووێژ و دانوستان بێت و ببێتە ناوەندی پتەوکردنی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان.
کازمی بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ناوچەیی بەغدا لە کۆتایی ئەم مانگە، داوای لە میری کوێت کرد کە لەو کۆنفرانسەدا بەشداری بکات./.