بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ ڕووداو وتی: تا ئێستا نەتوانراوە ڕووپێوییەکی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت بەڵام هەوڵ دراوە کە لە هەندێک ناوچەکە ئەوە بکرێت و ناوچەی شوێنەواریی نوێ بدۆزرێتەوە و تۆمار بکرێن.
ناوبراو وتی: بە هۆکاری مرۆڤی و سرووشتی هەندێک لە ناوچە شوێنەوارییەکان تێکچوون و ئەگەر ڕووپێوییەکی باش بکرێت سەروی 10 هەزار ناوچەی شوێنەواری هەیە، ئێستا ئێمە ئامارێکمان هەیە سەروی 5 هەزار شوێنەوار هەیە و لە 10 ساڵی ڕابردووش 2500 ناوچەی شوێنەواری دۆزراونەتەوە و تۆمار کراون، پێشتریش لە شەستەکان و حەفتاکان زیاتر لە سێ هەزار ناوچەی شوێنەواری تۆمار کرابوون.
کەیفی مستەفا وتی کە لە هەرێمی کوردستان نۆ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری و دوو فەرمانگە و چەند بنکەیەکی دیکەش هەیە و ئامانج پاراستنی ئەو شوێنانەیە و ئەوەی کە گرنگییان پێبدرێت، پێشتر حکومەت بڕیارێکی بۆ دامەزراندنی پۆلیسی شوێنەوار و کەلەپوور دەرکرد بەڵام نەچووە بواری جیبەجێکردنەوە، پێشنیاری ئەوە کراوە کە لە هەر پارێزگایەک لە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ یەکەیەکی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس هەبێت بە هەماهەنگی لە گەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی شوێنەوار تا لە کاتی پێویست هاوکاری بکەن./.