بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد مەرهون مامۆستای زانکۆی کابوڵ لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەفغانستان، وتی: پاش داگیرکردنی کابوڵ لە لایەن گرووپی تاڵیبانەوە دۆخێکی نائاسایی لە تەواوی ئەفغانستان بینرا، کەس بڕوای بەوە نەدەکرد کە ئەمە ڕووی دابێت، ئەویش تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا. لەو بڕوایەدام کە تاڵیبانیش چاوەڕوانی وەهای نەدەکرد کە لە ماوەیەکی ئەوەندە کورتدا بتوانێت پایتەختی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ بکات. تەنانەت زۆربەی شرۆڤەکاران و بەرپرسانی ئەمنی ئەفغانستان پێیان وایە کە تاڵیبان لە ڕووی سیاسی و میدیاییەوە ئامادەیی جێگیربوونی لە کابوڵدا نەبوو بەڵام لە ئاکامدا دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە بڕیارە چی ڕوو بدات و گۆڕانکارییەکان بەرەو کوێ دەڕۆن؟
ناوبراو وتی: بە بۆچوونی من ئەوەی کە گرنگە، ئەوەیە کە حکومەتێکی کاتی لە ئەفغانستاندا پێک بهێندرێت. تاڵیبان پێی وایە کە دەبێت حکومەتێکی هاوبەش و بنکەفراوان بە بەشداری سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسی و پێکهاتەکان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێک بهێندرێت، ئەوان بە تەنیایی توانای بەڕێوەبردنی ئەفغانستانیان نییە و هەر بۆیە هیچ ڕێگایەک بەدەر لە حکومەتی هاوبەش بە بەشداری سەرجەم حیزب و پێکهاتەکان و لایەنگرانی مەزهەبە جیاوازەکان نەماوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی وەک ڕووسیا، چین و ئێران بە وردی تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان دەکەن، لە بەر ئەوەی کە کەسایەتییەکانی هەماهەنگ لە گەڵ ئەوان وەک حامید کەرزای و عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا هێشتا لە کابوڵدا ماونەتەوە و ئەمەش پیشان دەدات کە هێشتا پاڵپشتی ئەم سێ وڵاتەیان هەیە. ئەڵبەت نابێت کاریگەرییەکانی پاکستان لە ئەفغانستان بە تایبەت لە سەر گرووپی تاڵیبان لە بەرچاو نەگرین.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە ڕەنگە زۆربەی شرۆڤەکاران و چاودێرانی نێودەوڵەتی گرنگییان پێ نەدابێت و ئەویش ناکۆکییەکانی نێوان گرووپی تاڵیبان و تۆڕی حەقانییە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەوەمان بینی کە بەرپرسانی تۆڕی حەقانی بە تایبەت ئەنەس حەقانی، کوڕی دامەزرێنەری ئەم تۆڕە بە جیا لە گەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی ئەفغانستان کۆبووە و وەها کۆبوونەوەیەکیش لە نێوان تاڵیبان و کەسایەتییە سیاسییەکان بەڕێوەچووە. بە بۆچوونی من کۆبوونەوە جیاکانی تۆڕی حەقانی و گرووپی تاڵیبان لە گەڵ سەرکردە سیاسییەکان پیشاندەری ناکۆکی نێوان ئەوانە، تاڵیبان لایەنێکی سیاسییە و حەقانی تۆڕێکی سەربازییە و دەتوانن ناکۆکی زۆریان پێکەوە هەبێت، حەقانییەکان شێوازێکی دیکەی حکومەتیان دەوێت بەڵام سەرکردەکانی تاڵیبان جۆرێکی دیکە بیر دەکەنەوە و تا ئێستاش هەوڵ دەدەن لایەنە جیاجیاکان بەشداری لە حکومەتی نوێی ئەفغانستاندا بکەن.
مەرهون وتی: ئەوەی کە وتەبێژی تاڵیبان پاش 20 ساڵ لە بەر کامێرای میدیاکان دەردەکەوێت، پیشان دەدات کە ئەو گرووپە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی چالاکییە سیاسییەکانی لە ئەفغانستان و سەرکردەکانی دیکەی تاڵیبانیش لە داهاتوودا دەردەکەون. وەک چۆن کە زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، پێدەچێت ئەم گرووپە لە ڕووی سیاسییەوە تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕانکاریی بە سەردا هاتبێت و لە لایەکی دیکەوە خەڵکی ئەفغانستانیش داوای حکومەتێک دەکەن کە بتوانێت ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە و خۆیشی گەندەڵ نەبێت. لەو بڕوایەدام کە تاڵیبان گەیشتوونەتە ئەوەی کە دەبێت قۆناغێکی نوێی سیاسی دەست پێبکات بەڵام لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەتوانم بڵێم کە دۆخەکە بە تەواوی ڕوون نییە. ئەمریکییەکان ساڵانێک لە ئەفغانستاندا بوون و تێچووی زۆریان هەبووە، ئەمە گرنگ نییە، بەڵام ئەوەی کە گرنگە و دەبێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت لێدوانەکانی ئەم دواییەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکایە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەردەم ملیۆنان بینەردا سووکایەتیی بە خەڵکی ئەفغانستان کرد و ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەوان 20 ساڵ کۆنتڕۆڵی هەرێمی ئاسمانی ئەفغانستانیان بە دەستەوە بووە و ئێستا خەڵک دەیانەوێت بزانن کە چۆن لە پاش 20 ساڵ و بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان، پایتەختی ئەفغانستان دیسانەوە کەوتەوە دەستی تاڵیبان؟ بە گشتی دەتوانم بڵێم کە ئەمریکییەکان ڕەزامەندییان لە سەر گەڕانەوەی تاڵیبان هەبووە. ئێستاش سندۆقی نێودەوڵەتی دراو و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داراییەکانی ئەفغانستانیان بە ڕێژەی 440 ملیۆن دۆلار بلۆککردووە و دەیانەوێت گوشار لە سەر تاڵیبان دابنێن. هەر بۆیە هەڵسووکەوتێکی جیاواز لە ئەمریکییەکان دەبینرێت و لە کۆتاییدا دەڵێم کە ئەمریکییەکان هیچ کات ئەفغانستان بە جێ ناهێڵن، لە بەر ئەوەی کە ملیارەها دۆلار پارەیان لەم وڵاتەدا بەکار هێناوە./.