بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاگەێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا هاتووە کە مستەفا کازمی لە زووترین کاتدا بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ کوێت، سەردانی ئەم وڵاتە دەکات.
سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە سەردانەکە لەم هەفتەیەدا دەبێت.
ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە مەنهەل سافی باڵیۆزی ئەم وڵاتە لە گەڵ محەممەد جاسم سەقەر سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی کوێت کۆبووەتەوە.
لەو کۆبوونەوەدا پرسی سەردانەکەی کازمی بۆ کوێت تاوتوێ کراوە.
ئامانج لە سەردانەکەی کازمی بۆ کوێت، تاوتوێکردنی هاتنی سەرمایەگوزاران و وەبەرهێنەرانی کوێتە بۆ بازاڕی بازرگانی عێراق بە تایبەت لە بەشی بازرگانی و پیشەسازی. ئەمە یەکەم سەردانی مستەفا کازمییە بۆ کوێت لە پاش ئەوەی کە بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.
بەغدا و کوێت لە ساڵی 2003 پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدام پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردووەتەوە.
هەر دوو وڵات چەندین کێشە و ناکۆکییان هەیە کە تا ئێستا بە بێ چارەسەر ماوەتەوە، وەک کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان، دۆسیەی بێسەروشوێنبووەکانی کوێت و ڕێکەوتنی خور عەبدوڵڵای واژۆکراو لە ساڵی 2012 لە نێوان هەر دوو لا./.