بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕیاز مەسعودی ئەندامی هاوپەیمانی سائیرۆنی نزیک لە موقتەدا سەدر ڕایگەیاند کە دەستێوەردانی دەرەکی لە پرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق تەنیا بە ئەمریکاوە سنوردار نییە و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسیش وەک ئیمارات، سعوودیە و هەروەها تورکیا و ڕژێمی زایۆنیستی بە ئاشکرا دەستێوەردانیان هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، سەعد سەعدی ئەندامی فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق وتی: دەستپێشخەرییەکەی هاوپەیمانی فەتح بە تەواوی ڕوونە و کشانەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان ڕێگاچارە نییە و ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت و هەڵبژاردنەکان خواستی خەڵک و مەرجەعیەتی باڵای لە سەرە.
ناوبراو وتی: ئێمە ڕاسپاردەیەکی گرنگمان لە پێشە کە عێراقییەکان دەیخوڵقێنن، ئێمە یان حکومەتێکی بەهێز لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە پێک دێنین یان دۆخەکە بەم شێوازە دەمێنێتەوە.
محەممەد کەریم ساعدی شرۆڤەکاری عێراقیش ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لە لایەن شێعەکانەوە هەڵدەبژێرێت بەڵام بە تەنیا لە لایەن حیزب یان هاوپەیمانییەکەوە نابێت و بە شێوازی ڕێکەوتن هەڵدەبژێرێت.
ناوبراو وتی: ئەوانەی کە سەر بە ئەمریکییەکانن ئەزموونی خۆیان بە شکستەوە سەلماندووە و بۆ هەڵبژاردنەوەی ئەوان هیچ ڕێکەوتنێک ناکرێت.
وتیشی کە ڕەنگە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق زیاتر لە شەش مانگ کاتی بوێت و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی شێعە، کەسێک کە سەر بە ئەمریکییەکان بێت قبووڵی ناکەن./.