بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا لە بەرامبەر ئەگەری بۆردومانکردنی چەک و کەرەستە بە جێماوەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان هاتە دەنگ.
ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا وتی: سەرەتا هاووڵاتیانی ئەمریکی لە ئەفغانستان دەکشێننەوە، پاشان کەرەستە سەربازییەکان، دواتر بنکە سەربازییەکان بۆردومان دەکەن و لە هەنگاوی دیکەدا هێزە سەربازییەکان بێننە دەرەوە. نابێت ئەم کارانە وەک بایدن و ژنڕاڵە ووشیارەکانی ئێمە بە پێچەوانەوە جێبەجێ بکەن.
دوناڵد ترەمپ لە ئەگەری هەڵبژاردنەوەی، نیازی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە مانگی نیسانی ئەمساڵ هەبوو بەڵام حکومەتەکەی بایدن ئەو بڕیارەی بۆ ساڵۆگەڕی هێرشەکانی 11 ی سپتمبێر دواخست. دواتریش خێرایی پێشڕەوییەکانی تاڵیبان وایکرد کە ئەم پرۆسەیە بە شڵەژاوییەکی تەواو بەردەوام بێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە بژاردەکانی واشنتن ئەوەیە کە بۆردومانی چەک و کەرەستە سەربازییە بە جێماوەکانی لە ئەفغانستان بکات، بە تایبەت کۆپتەرە سەربازییەکان، بەڵام نیگەرانیی ئەوەش هەیە کە لە کاتێکدا کە ئەمریکا هەوڵی کشانەوەی هاووڵاتیانی لە ئەفغانستان دەدات، ئەم کارەش ببێتە هۆکاری توڕەبوونی تاڵیبان./.