بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتێکی پێگەی هەواڵی کۆمیسیۆنی ئەورووپادا هاتووە کە کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەورووپا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021 گەیشتووەتە 2 ملیار و 247 ملیۆن یۆرۆ.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و یەکێتی ئەورووپا لە مانگی کانوونی دووەم تا حوزەیرانی 2021 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 0.4 گەشەی کردووە. لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2020 کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا 2 ملیار و 238 ملیۆن یۆرۆ بووە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، هەناردەی یەکێتی ئەورووپا بۆ ئێران لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە سەدا 2.6 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو دابەزینی تۆمار کردووە و لە یەک ملیار و 890 ملیۆن یۆرۆ لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2020 گەیشتووەتە یەک ملیار و 840 ملیۆن یۆرۆ لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵ.
لە نێو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، هۆڵەندا و ڕۆمانیا زیاترین هەناردەی کاڵایان بۆ ئێران لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021 هەبووە.
بەڵام هاوردەی یەکێتی ئەورووپا لە ئێران لە مانگی کانوونی دووەم تا حوزەیرانی ئەمساڵ لە سەدا 17 بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 407 ملیۆن یۆرۆ. یەکێتی ئەورووپا لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 348 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردبوو.
لە نێو وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا، ڕۆمانیا، فەرەنسا، بەلجیکا و بۆلگاریا زیاترین هاوردەی کاڵایان لە ئێران لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2021 هەبووە./.