بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالی ئێسحاق سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە نێوان ئێران و عێراق، وتی: بە پێی دەفرایەتییەکانی ئێستای هەر دوو وڵات، گەیشتن بە ئامانجی دیاریکراوی 20 ملیار دۆلاری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە ساڵانی داهاتوو مسۆگەر دەبێت، هەرچەندە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هەلومەرجی پەیوەندییەکانیش هەیە و دەتوانێت ئاماری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بەرەو هەڵکشان و داکشان ببات.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە هەندێک ساڵدا گەیشتووەتە 12 تا 13 ملیار دۆلار، وتی: ئەگەر بازرگانیی ساڵانە بە 12 ملیار دۆلار دابنێین، 9 ملیار دۆلاری پەیوەندیی بە هەناردەی کاڵا و بەرهەمەکان لە لایەن کەرتی تایبەتەوە هەیە و 3 ملیار دۆلاری دیکەی پەیوەندی بە هەناردەی کارەبا و وزە لە لایەن حکومەتەوە هەیە.
ئالی ئێسحاق وتی: سەرەڕای هەلومەرجی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و هەندێک کێشەی ئەمنی لە عێراق، هەناردەی کاڵا لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەردەوامە و کێشە بانکییەکانیش نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم کەرتی هەناردە، ئەڵبەت کێشە بانکییەکان تا ڕادەیەک تێچووی گواستنەوەی داراییەکان زیاتر دەکات بەڵام بە گشتی کێشەیەکی تایبەت نییە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – عێراق، وتی: ئەگەرچی بازرگانیی ئێران لە گەڵ عێراق لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕووی بایەخەوە لە نێوان 8 تا 12 ملیار دۆلارە بەڵام دەتوانین ئەو ڕێژەیە بە پێی توانا و دەفرایەتییەکان تا 20 ملیار دۆلار بەرز بکەینەوە./.