بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسغەر زبەردەست سەبارەت بە دوایین دۆخی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە نێوان ئێران و سوریا، وتی: ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە هیچ شێوازێک ئەرێنی و جێی ڕەزامەندی نییە، ئەڵبەت هەناردەی خزمەتگوزاری تەکنیکی و ئەندازیاری ئێران بۆ سوریا دەبێت زیاتر بکرێت، لە سوریا زیاتر دامەزراوە حکومییەکانن کە بواری ئابورییان بە دەستەوە گرتووە و گۆڕەپانەکەیان بۆ کەرتی تایبەت تەسک کردووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئەگەرچی سوریا و تورکیا لە ڕووی سیاسییەوە کێشەی جیدییان هەیە و پەیوەندییەکانیان لە ئێستادا پچڕاوە بەڵام زیاترین ئاڵوگۆڕی کاڵای سوریا لە گەڵ تورکیایە و کاڵا لە ڕێگای قاچاخەوە لە تورکیا بە ڕێژەیەکی زۆر دێتە سوریا.
زبەردەست وتی: هێشتا لەوەدا سەرکەوتوو نەبووین کە پەیوەندییەکی بەهێزمان لە گەڵ کەرتی تایبەتی سوریا هەبێت و دامەزراوە حکومییەکانن کە بواری ئابورییان بە دەستەوە گرتووە، هەروەها هەندێک دامەزراوەی ئێرانیش بە شێوازی سەربەخۆ کاروباری ئابوری لە سوریا دەکەن.
ناوبراو وتی: سەبارەت بە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سوریا کە ئەو دامەزراوانە ئامادەبوونیان پێویستە، ئێمە قسەمان نییە، ئەگەرچی ڕەزامەندی سوریامان بە دەست هێناوە کە بەشێک لەو پرۆژانە بدرێتە کۆمپانیاکانی بواری خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان بەڵام هێشتا ڕێکەوتنی زۆر باشمان لە گەڵ بازرگانانی سوریا نییە کە هەر دوو لا بتوانین کەڵک لە توانا و دەفرایەتییەکانی یەکتر وەربگرین، هەندێک ڕێوشوێن گیراوەتەبەر کە ئەم کێشەیە لە ماوەی داهاتوودا چارەسەر بکرێت، بە گشتی دەتوانم بڵێم ئەوەی کە لە نێوان کەرتی تایبەتی هەر دوو وڵاتدا پێویستە، هێشتا ڕووی نەداوە.
جێگری یەکەمی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – سوریا لە درێژەدا وتی: کێشەی دووەمی ئێمە بۆ بازرگانیکردن لە گەڵ سوریا، گواستنەوەیە. حاڵەتی گونجاو بۆ ئێمە ئەوەیە کە کاڵای ئێرانی لە ڕێگای وشکانی و لە عێراقەوە هەناردەی سوریا بکرێت بەڵام سەرەڕای چەندین کۆبوونەوە لە کۆمیسیۆنی هاوبەش لە گەڵ عێراقییەکان، هێشتا ئەم خاڵەی ڕێکەوتنی نێوانمان جێبەجێ نەکراوە.
عەلی ئەسغەر زبەردەست وتی: ئەگەر نەتوانین لە ڕێگای وشکانی کە تێچووەکەی کەمترە، کاڵا و بەرهەمەکانی خۆمان هەناردەی سوریا بکەین، دەبێت کەڵک لە ڕێگای دەریایی وەربگرین کە ئەویش بە دوو شێواز دەبێت. یان دەبێت لە بەندەر عەباسەوە هەناردە بکەین کە ڕێگاکەی دوورتر دەبێت، یان دەبێت کاڵا لە ڕێگای وشکانییەوە ببەینە تورکیا و لەوێشەوە بە کەشتی هەناردەی سوریای بکەین، ئەمەش کێشەی لە بەردەمدایە، لە بەر ئەوەی کە تورکیا و سوریا پەیوەندی سیاسییان پێکەوە نییە و بەردەم ڕێگاکەی ئێمەی گرتووە و تێچووەکانی ئێمەی زیاتر کردووە.
وتیشی: هەوڵ دەدەین ئەو ڕێکەوتنەی کە لە گەڵ عێراق و لە کۆمیسیۆنی هاوبەشی هەر دوو وڵات کراوە، جێبەجێ بکرێت. ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت، باشترین ڕێگایە بۆ هەناردەی کاڵای ئێرانی بەرەو سوریا.
جێگری یەکەمی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – سوریا لە کۆتاییدا وتی: بە گشتی تێچووەکانی ئێمە لە سوریا بە هۆی کێشەی گواستنەوە و نەبوونی پەیوەندی کاریگەر لە گەڵ بازرگانان و ژووری بازرگانی ئەو وڵاتە، زۆرە. بە هۆی کۆرۆناشەوە بەڕێوەچوونی پێشانگا بازرگانییەکان پەکخراوە./.