بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ئەحمەد بەرزنجی یاریدەدەری سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە وتووێژێکدا تایبەت بە جام کوردی لە سەر بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە ڕایگەیاند کە لە پاش ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە ساڵی 1991 تا ئێستا هەموو ساڵێک یادی عاشورا بەرز ڕادەگیرێت و لە ناوچەی بەرزنجە ئەو یادە بەڕێوەدەچێت.
ناوبراو وتی: ئێمە بنەماڵەی سەیدەکانی بەرزنجە بە ڕەگەز دەچینەوە سەری ئیمام حوسێن (ع).
بەرزنجی وتی: خەڵکانێک لە شارەکانی هەولێر، دهۆک، کفری، خانەقین و تا دەگاتە بەغدا لەم ڕێوڕەسمەدا بەشدارییان کرد، بە تایبەت بنەماڵەی سەیدە کوردەکان کە هەموو ساڵێک بەشداری لەم ڕێوڕەسمەی بەرزنجەدا دەکەن.
وتیشی کە بەرپرسانی حیزبی و حکومیش بەشدارییان لەم ڕێوڕەسمەدا کردووە و شێعە و سوننە پێکەوە لە بەرزنجە بەشدارییان کردووە، لە بەر ئەوەی کە ئێمە لەو بڕوایەداین یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) پەیوەندیی بە مرۆڤایەتی و سەرجەم ئازادیخوازەکانی جیهانەوە هەیە و لە سەر ئاستی ئیسلامیش هیچ جیاوازییەکی بۆ موسڵمانانی شێعە و سوننە نییە.
ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری کۆنسووڵخانەی ئێران لە سلێمانی:
بەرزنجە ناوچەیەکی کۆن و مێژوویی و دەوڵەمەندە لە ڕووی کەلتورییەوە
هەر لەو ڕێوڕەسمەدا ئاغای حەسەن پور ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی، بەرزنجەی بە ناوچەیەکی کۆن و مێژوویی و دەوڵەمەند لە ڕووی کەلتورییەوە ناو برد و وتی: ڕێوڕەسمەکەی بەرزنجە ڕێزلێنانە لە شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن (ع) و تەنیا تایبەت بە شێعەکان نەبووە و لە موسڵمانانی سوننە و ئەوانەش کە ڕێبازی ئازادیی ئیمام حوسێن و بە گشتی ئالوبەیتی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) بە لایانەوە گرنگە تێیدا بەشدارییان کردووە./.