بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا شەوی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە گەڵ شاندێکی ئیماراتی بە سەرۆکایەتی تەحنون بن زاید ئالی نهیان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە لە ئەنکەرە کۆبووەتەوە.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، ئەبوزەبی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بە تایبەت هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بە بوارەکانی گواستنەوە، تەندرووستی و وزە لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وتووێژیان کردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها ئاماژە بەوە درابوو کە ئەردۆغان و تەحنون چەند پرسێکی گرنگی ناوچەکەشیان تاوتوێ کردووە.
ڕۆژنامەی الاخبار ی لوبنان لە سەر زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی ئەنکەرە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئیماراتی هەوڵیان داوە هێڵێکی وتووێژ لە گەڵ ئێران و هەروەها پاڵپشتییەکی ناتۆ لە ڕێگای تورکیاوە بە تایبەت لە پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان دابین بکەن./.