بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شرۆڤەکارانی عێراقی لەو بڕوایەدان کە هەلومەرجی ئەمڕۆی وڵاتەکەیان بە هیچ شێوازێک نییە کە بیر و هزر و ئایدۆلۆژیای گرووپی تیرۆریستی داعش قبووڵ بکات بەڵام حیزبی بەعسی ڕووخاو سەرەڕای 18 ساڵ بە سەر کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام، بەردەوام لایەنگری لە سیستەمی سیاسی عێراق و بەشێک لە چین و توێژەکانی ئەم وڵاتەدا هەیە و گرنگتر لەوەش بەعسییەکان لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێن و ئەندامانی باڵای ئەو حیزبەش هێشتا لەو وڵاتانە ماونەتەوە.
ئەو کەشە میدیاییەی کە بەم دواییانە میدیاکانی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە و ئیمارات وەک هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ بەعسییەکانیان دابین کردووە و چاوپێکەوتنەکانی ڕەغدی کچی سەدام بە گرنگترین ڕووداوەکانی 18 ساڵ پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق هەژمار دەکرێت.
ژمارەیەک لە میدیاکانی عێراقیش لە میانەی سەردانەکەی ئەم دواییەی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی ئەم وڵاتە و سەرۆکی هاوپەیمانی التقدم بۆ وڵاتی ئەردەن ڕایانگەیاند کە ناوبراو لە گەڵ چەند سەرکردەیەکی حیزبی بەعس لە شاری ئەمان کۆبووەتەوە و بەڵێنی بەوان داوە لە ئەگەری پاڵپشتیکردنی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر، یاسای ڕیشەکێشکردنی حیزبی بەعس هەڵبوەشێنێتەوە.
هەربۆیە بە ڕووداوەکانی ئەفغانستان و گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، نیگەرانی عێراقییەکانیش لە سەر گەڕانەوەی حیزبی بەعس زیاتر بووە.
فەلاح مەشعەل ڕۆژنامەنووسی دیاری عێراقی لە دوو تویتدا ئاماژەی بە ئەگەری گەڕانەوەی حیزبی بەعس بۆ دەسەڵاتی ئەم وڵاتە داوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ئەفغانستانی لە 20 ساڵی ڕابردوو داگیر و ڕژێمی تاڵیبانی ڕووخاند و پاش دوو ساڵیش بە هەمان شێوەی هاتە عێراق و ڕژێمەکەی سەدامی ڕووخاند بەڵام ئێستا بە هۆی شکستەکانی لە دابینکردنی سیستەمێکی دیمۆکراسی لە ئەفغانستان، دیسانەوە دەسەڵاتی بۆ تاڵیبان گەڕاندووەتەوە.
مەشعەل پاشان ئەم دێڕەی لە پەیامەکەی زیاد کردووە کە ئەمریکا لە عێراقیش لە دابینکردنی پێکهاتەیەکی دیمۆکراسی تووشی شکست بووە!
ناوبراو لە تویتێکی دیکەدا ڕایگەیاندووە کە ئەم پرسیارە لە ئێستادا بۆ عێراقییەکان هاتووەتە پێشەوە کە ئایا نەخشە و پیلانی ئەفغانستان لە عێراقیش جێبەجێ دەکرێت و ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەمریکییەکان دەسەڵات ڕادەستی کێ دەکەن؟
ناوبراو پرسیاری کردووە کە ئایا هەلومەرجەکە بۆ پێش 2003 دەگەڕێننەوە یان ئەوەی کە نەخشەیەکی دیکە بە پێی گرنگی و پێگەی عێراق لە ڕووی سەرچاوە نەوتییەکان و هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دادەڕێژن؟
مەشعەل ڕایگەیاندووە کە لە سەرجەم ئەو پیلان و نەخشانە، هیچ گرنگییەک بە گەلانی هەر دوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراق نادرێت.
لەمەش مەترسیدارتر، تێڕوانینی محەممەد ساحیب دڕاجی لە کەسایەتییە سیاسییەکان و وەزیری پێشووی عێراقە کە بە دڵنیاییەوە ڕایگەیاندووە سیناریۆی تونس لە عێراق ڕوو نادات بەڵام ئەوەی ڕوو دەدات سیناریۆی ئەفغانستانە.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە کە ڕاستییەکە ئەوەیە ئەمریکا وەک ژنێکە کە منداڵێکی هێناوەتە ئەم جیهانە تا لە بەرامبەر یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو هاوکاریی بکات بەڵام ئەم منداڵە لە ساڵی 2001 تووشی هەڵە بوو و دایکی لێپرسینەوەی لێکردووە و پاش 20 ساڵ، هەست و سۆزی دایکایەتیی بۆی هەبووە و دیسانەوە ئەوی گەڕاندووەتەوە.
ناوبراو نیگەرانی خۆیی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە مەترسی ئەوەش هەیە کە هەمان هەست و سۆزی ئەمریکییەکان لە عێراق بۆ بەعسییەکانیش ببینرێت.
عەدنان فیحان سەرۆکی فراکسیۆنی سادیقون سەر بە باڵی سیاسی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا جەختیکردووەتەوە کە بە پێی ڕووداوەکانی ئەفغانستان، ئەمریکا هەوڵی ڕادەستکردنەوەی دەسەڵات بە بەعسییەکان دەدات.
ڕۆژنامەنووسی بەباوبانگی عێراقیش لە نووسینێکدا بە ئاماژە بە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا لە سەر گەڕانەوەی حیزبی بەعس هۆشداریی داوە.
محەممەد عەبدولجەبار شیوت سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاندووە کە گەڕانەوەی تاڵیبان لە پاش 20 ساڵ، عێراقییەکانی نیگەران کردووە، ئەگەرچی هەلومەرجی ئەفغانستان و عێراق جیاوازییەکی زۆری هەیە، بەڵام بە پێی دۆخی ناوخۆیی عێراق و لاوازبوونی ژێرخانی ئەمنی و شکستی دەسەڵات لە بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک، وایکردووە کە نەک بۆ داعش، بەڵکوو نیگەرانیی لە سەر گەڕانەوەی حیزبی بەعس بە دواوە بێت.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە نابێت بەوە ڕازی بین کە حیزبی بەعس کۆتایی هاتووە، لە بەر ئەوەی کە هێشتا ئەو کەسانەی کە دەتوانن کاریگەری لە سەر گەڕانەوەی دابنێن، لە گۆڕەپانەکەدا ماون و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە بە پاڵپشتی و پیلانی دەرەکی، ئەو گەڕانەوەیە ڕوو بدات.
کەسانی وەک عێزەت شابەندەریش لەو بڕوایەدان کە ئەگەرچی عێراق و ئەفغانستان جیاوازی زۆریان هەیە بەڵام ئەمریکا لەم دوو وڵاتەدا هەیە و نەخشە و پیلانەکانی واشنتن جیاوازیی نییە.
هەربۆیە، داواکاری بەهێز لە عێراق ئەوەیە کە بۆ پاراستنی ئەم وڵاتە لە پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا، لە زووترین کاتدا هێزە داگیرکەرەکانی ئەو وڵاتە دەربکرێن.
بە لای هەندێکیشەوە تەنانەت مەشق و ڕاهێنانی ئەمریکییەکان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق سوودی نییە و چارەنووسەکەی وەک ئەوەی ئەفغانستانە کە بینراوە.
ئەوان دەڵێن کە ئەمریکا 20 ساڵ مەشق و ڕاهێنانی بە هێزەکانی ئەفغانستان کرد بەڵام تەنیا 48 کاتژمێر توانای بەرگرییان لە بەرامبەر چەکدارانی تاڵیبان نەبوو.
لە ئاکامی ئەمەش لە ئاستی میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داواکاری زۆرینەی عێراقییەکان بۆ پاراستنی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی نیشتمانی و دڵنیاکەرەوە بۆ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی ئەم وڵاتە بڵاو بووەتەوە.
ئەحمەد ئەسەدی لە فەرماندەکانی پێشووی حەشدی شەعبی و سەرۆکی گرووپی سیاسی السند الوطنی لە تویتێکدا داوایکردووە کە لە حەشدی شەعبی پاڵپشتی بکرێت لە بەر ئەوەی کە جێی دڵنیاییترین هێزە بۆ پاشەڕۆژی عێراق./.