بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی لە سەر ڕەوشی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق وتی: ئاماری هەناردەی نانەوتی چوار مانگەی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی باس لەوە دەکات کە ئاماری هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕووی لە گەشەسەندن کردووە و لە سەدا 20 بەرز بووەتەوە.
ناوبراو وتی: خۆشبەختانە لە چوار مانگەی سەرەتایی ئەمساڵ بۆ زۆربەی وڵاتان هەناردەی ئێران زیادی کردووە و گەیشتووەتە مانگانە 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و ئەگەر ئەمەش بەردەوام بێت لە یەک ساڵدا دەگاتە 42 تا 43 ملیار دۆلار و قەرەبووی ڕێژەی دابەزینی هەناردەی ساڵی ڕابردووش دەکاتەوە.
حوسێنی سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی هەناردەی ئێران وتی: چەندین هۆکاری وەک بەرزبوونەوەی نرخە جیهانییەکان، کردنەوەی سنوری وڵاتانی عەرەبی لە پاش کۆرۆنا و زیاتربوونی ڕێژەی بەکارهێنان لە بازاڕەکانی عێراق و … لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەناردەی ئێراندا ڕۆڵیان هەبووە.
ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق سەبارەت بە پارە ڕاگیراوەکانی ئێران لە عێراق وتی: عێراق بەشێک لەو پارەی بۆ کڕینی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە لایەن ئێرانەوە داوە، لە ڕاستیدا ئەو ڤاکسێنانەی کە لە ئێستادا هاوردەی ئێران دەکرێت پارەکەی لەو قەرزەی ئێران لە لایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت، بەشێکی دیکەشی بۆ هاوردەی پێداویستییەکانی خۆراک لە عێراقەوە تەرخان دەکرێت، بە گشتی هەنگاوی زۆر باش هەڵگیراوە و پێدەچێت پەیوەندییەکانی ئێمە و عێراق ڕوو لە باشتربوون بکات.
سەید حەمید حوسێنی سەبارەت بە دوایین دۆخی ڕێگای وشکانی ئێران – سوریا لە ڕێگای عێراقەوە وتی: ڕێگای فەرمی ئێمە بۆ سوریا لە عێراقەوە نەکراوەتەوە بەڵام بە شێوازی نافەرمی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە ئەم کارە دەکرێت. لە سەدا 7 تا 8 ی کاڵای هەناردەکراوی ئێران بۆ عێراق ڕەوانەی سوریا دەکرێت، ئەڵبەت سوریا چەندان بازاڕێکی هەناردەی ئێمە نییە، واتە ناتوانین سوریا وەک عێراق بە بازاڕێکی گرنگی هەناردەی خۆمان ناو ببەین. کردنەوەی ڕێگای فەرمی عێراق تێچووەکانی ئێمە کەم دەکاتەوە بەڵام بازاڕی سوریا لە ئاکامدا بازاڕێکی 4 تا 5 ملیار دۆلارییە بۆ ئێران. دەبێت هەوڵ بدەین هەناردەی خۆمان لە بواری خزمەتگوزارییەکانی تەکنیکی و ئەندازیاری، IT، کەرەستەی بیناسازی و خزمەتگوزاری پزیشکی زیاتر بکەین، لە بەر ئەوەی کە لەم بوارانەدا شانسی هەناردەمان زیاترە.
ناوبراو سەبارەت بە قاچاخی دەرمان بۆ عێراقیش وتی: ئەو کاڵانەی کە لە ئێران نرخەکەی بە هۆی پێدانی بەشێکی زۆری تێچووەکەی لە لایەن حکومەتەوە نرخەکەی هەرزانترە، لە بازاڕەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێی دیکە دەردەکەوێت. جیاوازی نێوان نرخەکان هێندە زۆرە کە وا دەکات بەقاچاخبردنی زیاتر بێت. ئێمە 300 تا 400 گوندی سنوریمان هەیە کە لە عێراقەوە زۆر نزیکن و زۆریش کۆنتڕۆڵ ناکرێن. ئاژەڵ، مریشک، هێلکە و …. لەو ڕێگایانەوە دەبرێتە ئەودیوی سنورەکان، بەقاچاخبردنی دەرمان لەمەش ئاسانترە، پێشتر لە لایەن گەشتیارانی عێراقییەوە ڕێژەیەکی زۆر دەرمان لە ئێرانەوە دەبرایە دەرەوە، ئێستا کە گەشتەکان کەمیکردووە ئەو ڕێژەش دابەزیوە بەڵام بە گشتی لە بەشی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی ڕوبەڕوی دیاردەی قاچاخ بووینەتەوە./.